٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەوڵەتی یاسا لەو بەڵێنەی بە كوردی دا پاشگەز بووەتەوە

سەرچاوە: Hewler

فەرماندەیی‌ ئۆپەراسیۆنەكانی‌ دیجلە، 33 تۆپی‌ دوورهاوێژ لە جۆری‌ ( تیی‌ 13- 122) و چەندین چەكی دیكەی هێناوەتە ناوچەكە و لە سنووری‌ ناحیەی‌ ڕیاز جێگیری كردوون. ئەمە كوردی زیاتر لە جاران نیگەران كردووە.

ئەمە دوو ڕۆژ پێش ئێستا بووە. گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان (موئەیەد تەییب) هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە، بەڵام هاوكارەكەی (حەسەن جیهاد) ئەمە ڕەت دەكاتەوە. كورد دوو ئەندامی لە لیژنەی ئاساییش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقدا هەیە و (حەسەن جیهاد) یەكێكە لەوانە. ئەو بە ڕۆژنامەی "هەولێر"ـی دەڵێ كە تاكوو ئێستا هیچ هێز و چەكێك نەهاتووەتە ناوچەكە و ئەگەر بێت و كارێكی لەو شێوەیە ڕوو بدات، ئەوان وەكوو لیژنەی ئاساییش و بەرگری هەڵویستی خۆیان دەبێت.

لە كاتی پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدادا، سەرۆكوەزیران (نووری مالیكی) هەواڵی دروستكردنی فەرماندەیی‌ ئۆپەراسیۆنەكانی‌ دیجلەی ڕاگەیاند. ئەو كات چاودێران وەكوو كارتێكی گوشار بەرانبەر بە هەرێم، لەو كارەی (مالیكی)ـیان دەڕوانی.

لەو كاتەدا سەرۆككۆمار (جەلال تاڵەبانی) كە بۆ چارەكردنی تەندروستیی خۆی لە ئەڵمانیا بوو، پێوەندی بە (مالیكی)ـیەوە گرت و دوای ئەمەیش ڕاگەیاندنی فەرماندەییەكە دوا كەوت.

بەڵێنەكەی (مالیكی) زۆری نەخایاند. (موئەیەد تەییب) دەڵێ: "لە سەرەتادا دەوڵەتی یاساییش گوتی مادام كورد دروستكردنی فەرماندەییەكە بە مەترسی دەزانن، ئەوا دروستی ناكەین، بەڵام ئەوان بڕیارەكەی خۆیان نەبردە سەر و بەردەوامن لە دروستكردنی ئەو هێزە."

یەكێك لەو ئەركانەی بە هێزی دیجلە سپێردراوە، ئەوەیە كە لە كاتی جێگیركردنی ئەو هێزانەدا دەبێت هەموو لایەنە ئەمنییەكانی كەركووك لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندا بن.

ئەو ئەركە بە لای (حەسەن جیهاد)ـەوە قبووڵ نییە. ئەو دەڵێ: "بە هەموو شێوەیەك كارێكی لەو شێوەیە ڕەت دەكەینەوە."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە ڕێككەوتی 9ـی ئەیلوولدا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردییەكانی كرد. ئەوان دژی هێنانی ئەو هێزە بوون و و ئاماژەیان دا كە بە هیچ جۆرێك ناكرێت سوپای عێراق بۆ چارەی كێشە سیاسییەكانی ناوخۆ، بەكار بهێندرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە (هەڵگورد مەلاحیكمەت) دەڵێت: "ئەگەر بێت و بەغدا لە ناردنی هێز بۆ ناوچەكە بەردەوام بێت، ئەوا ئەركی وەزارەتی پێشمەرگەیە ئەو ناوچەیە و خەڵكەكەی بپارێزێت."

پێجه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌
بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ڕێككەوتنەكان، پێویستە هەر هێزێك كە دەنێردرێتە ناوچە دابڕاوەكان، بە هەماهەنگیی هەرێم و بەغدا بێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات كە لە كاتی هاتنی ئەو هێزانەدا هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمدا نەكراوە.

بۆ چارەكردنی چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان كە كەركووكی دەوڵەمەند بە نەوت لە گرنگترینیانە، ماددەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دیاری كراوە.

(هەڵگورد) ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە لە ڕابردوودا كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمنیی هەرێم و بەغدا بە بەشداریی ئەمەریكاییەكان ئەنجام دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمەریكاییەكان ڕێگرییان لە بەردەم كارە نایاساییەكانی بەغدادا دەكرد، ئێستادا داوا دەكەن كە كۆبوونەوەی ئەم جارە بە بێ بەشداریی ئەمەریكاییەكان بێت و وەزارەتی پێشمەرگەیش كۆبوونەوەی بێ ئەمەریكاییەكان ڕەت دەكاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار