به‌هۆی جموجۆڵی فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله‌وه به‌غدا ئاگادارده‌كرێته‌وه

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاشكرای كرد، به‌مه‌به‌ستی ڕاوه‌ستاندنی جموجۆڵی فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله دووباره لیژنه‌ی تایبه‌تی ئاسایش‌و به‌رگری‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاگادار ده‌كرێته‌وه.
ڕێبوار تاڵه‌بانی به ئاژانسی هه‌واڵی ناوخۆی ڕاگه‌یاندوه ، هه‌نگاوه‌كانی فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله له‌شاری كه‌ركوكدا زیانی زۆره، وه‌كو وه‌ڵامێكیش ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كه‌ركوك به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله‌یان له‌دیاله نه‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وێڕای ئه‌وه‌ی كه هاتنی ئه‌و فه‌رمانده‌ییه ڕه‌تده‌كاته‌وه، پشتگیریشی ناكات.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ڕوونیكرده‌وه، له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆماری عێراقدایه، جموجۆڵه‌كانی فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله بوه‌ستێنێت، هه‌رچه‌نده ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌نوسراوی فه‌رمی له‌ئه‌گه‌ری جموجۆڵی ئه‌و فه‌رمانده‌یه هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئاگاداركردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دووباره ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگریی له‌په‌رله‌مان ئاگادارده‌كرێنه‌وه.




