وەزارەتی تەندروستی: عەیادەكانی لاكۆڵان مۆڵەتی دەرمان فرۆشتنیان نیە

بەرێوەبەری كۆنترۆڵی جۆری دەرمان لە تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێـت، مۆڵەتیان بە هیچ عەیادەیەكی لاكۆڵان و نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشكی نەداوە بۆ دەرمان فرۆشتن، تەنیا مۆڵەتی برین پێچی و دەرزی لێدانیان هەیە، جگە لە پزیشكی پسپۆر و ددانساز و دەرمانساز، هەر كەسێك دەرمان بفرۆشێت و نەخۆش ببینێت نایاساییە.
د. رۆژگار حەمید، بەرێوەبەری كۆنترۆڵی جۆری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی راگەیاند: نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشكی تەنیا مۆڵەتی دەرزی لێدان و برینپێچی و تەداوی سوكیان هەیە، مۆڵەتی فرۆشتنی دەرمانیان نییە، هەر كەسێك جگە لەم كارانە چارەسەری نەخۆش بكات و دەرمان بفرۆشێت ئەوان بەنایاسایی دایدەنێن.
د. رۆژگار وتی: "بەپێی یاسای كاركردنی پیشەیی پزیشكی عیراقی، تەنیا پزیشكی پسپۆر و پزیشكی دەرمانساز و ددان ساز بۆیان هەیە دەرمان بفرۆشن و چارەسەری نەخۆش بكەن".
رونیشیكردەوە، لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم زیاتر لە چوار هەزار عەیادەی لاكۆڵان هەیە، "دەمانەوێت كێشەكەیان چارەسەر بكەین، ئەوانەی یاریدەدەری پزیشكن بگەرێنەوە سەر كارەكەی خۆیان و ئەوانەی یاریدەدەری پزیشكیش نین دایان بخەین".
لای خۆیەوە هێرش حسێن، جێگری قایمقامی هەولێر و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی سەرپێچیەكان بە (خەندان)ی راگەیاند: ئەو شوێنانەی پێشتر داخراون مۆڵەتی سەندیكای كارمەندانی تەندروستیان هەبوو، بەڵام بەهۆی فرۆشتنی دەرزی ماوە بەسەر چوو و زیادەرۆیی لەكاركردنیان داخراون.
وتیشی: "ئەو نۆرینگانە زیادەڕۆییان لە مۆڵەتەكەیان كردووە و دەرمانیان فرۆشتوە كە كاری ئەوان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانەكانیشیان بەسەرچووبووە".




