عێراق 7 ملیۆن نەخوێندەواری هەیە و 6500 قوتابخانەیشی پێویستە

جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و فێركردن لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند كە سەرقاڵی داڕشتنی ستراتیژییەكی 10 ساڵەی پەروەردەیین بۆ چاككردنی بوارەكە و پێویستییشی دەگاتە 50 ملیار دۆلاری ئەمەریكی.
د. عەلا مەكی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" لەمەڕ پڕۆژەیاسای تەرخانكردنی بڕی پارە بۆ قوتابیانی عێراق، گوتی كە ئەو پڕۆژەیە بۆ حكوومەت و وەزارەتی دارایی نێردراوە بە مەبەستی وەرگرتنی ڕایان و تەرخانكردنی بودجە بۆی. لە بارەی وردەكاریی پڕۆژەكەیشەوە، ئاماژەی دا: "زۆرینەی وازهێنانی قوتابیانی عێراق لە قوتابخانە لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو بڕەپارەیە تەنیا قوتابیانی سەرەتایی بگرێتەوە و بڕەكەیشی هێشتا دیار نییە 30 یان 50 یانیش 100 هەزار دەبێت."
بەپێی قسەكانی (مەكی) مەبەست لە پڕۆژەكە "وشككردنی سەرچاوەكانی وازهێنانی قوتابییە كە زۆرینەیان بە هۆی كاركردنەوە واز دەهێنن." ئەو زیادیشی كرد: "پێشنیاز هەیە ئەو خێزانانەی مووچەیان لە 1،5 ملیۆن دینار زیاتر بێت، ئەو بڕەیان پێ نەدرێت."
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی یونسكۆ، عێراق پێش ساڵی 1991 باشترین سیستەمی فێركردنی لە ناوچەكەدا هەبووە، لە حەفتا و هەشتاكاندا بە تەواوەتی نەخوێندەواری كۆنتڕۆڵ كرابوو.
بەپێی قسەكانی (مەكی) پڕۆژەكە وا بڕیارە قوتابیانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە. لەبارەی ئاستی نەخوێندەواری لە عێراقدا، دەڵێت: "عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئاستی نەخوێندەواریی تێدا تۆمار كراوە كە دەگاتە 7 ملیۆن كەس، ئەمەیش كارەساتە."
لە ساڵی 1984ـدا، ڕێژەی 100%ـی قوتابیان دەچوونە بەر خوێندن، ڕێژەی نەخوێندەوارییش كەمتر لە 10% بوو.لەمەڕ پێداویستییەكانی عێراق لە بینای قوتابخانە، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و فێركردنی پەرلەمانی ئاشكرای كرد كە وڵات پێویستی بە "6500 قوتابخانە هەیە"، كە پاش دروستكردنی ئەو ڕێژەیە پێویستیی بە قوتابخانە نامێنێت. گوتیشی: "دەبێت لەپێشترێتی بدرێتە دروستكردنی قوتابخانە پێش هەموو شتێك، چونكە ئەمە پڕۆسەی دروستكردنی عەقڵە."
لە ئێستادا عێراق لە پلەی دوازدەیەمدایە لەنێو وڵاتانی عەرەبی لە ئاستی خوێندەواریدا و یەكێكە لە وڵاتە دواكەوتووەكان لەم لایەنەدا.(د. عەلا مەكی) دەڵێت كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەی ستراتیژییەتی پەروەردە و فێركردنن لە عێراقدا كە بڕیارە 10 ساڵ بخایەنێت. گوتیشی: "پڕۆژەكە پێویستی بە 50 ملیار دۆلار هەیە و تێیدا هەموو مەنهەجی خوێندن لە عێراق دەگۆڕدرێت، بە شێوەیەك مۆركی نیشتمانی بدات بە قوتابی و ئینتیمای بۆ وڵات زیاتر بكات."
پاشخان:
- لە ساڵی 1976ـدا یاسای خوێندنی بەزۆر لە عێراق دەرچوو، سزای ئەوانەی منداڵەكانیان نەدەناردە بەر خوێندن لە نێوان سزای دارایی و زیندانیكردن بوو لە نێوان 15 بۆ 30 ڕۆژ.
-بەپێی توێژینەوەیەك، نزیكەی 1000 قوتابخانە لە عێراق لە قوڕ یان لە خێوەت دروست كراون.
-هەژاری، نەبوونی ئاساییش، ناكۆكییە مەزهەبییەكان، نەبوونی پێداویستیی خوێندن، دیارترین ئەو كێشانەن كە ڕووبەری خوێندن لە عێراق دەبنەوە.




