ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی عێراق ئاماده دەكرێت

پێرێ پەرلەمانی بەغدا دووبارە بووەوە شوێنی دانیشتنی بەرپرسانی باڵای وزەی هەرێم و عێراق تا ڕەشنووسێك بۆ یاسای نەوت و غازی عێراق دەستنیشان بكەن.
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق و نوێنەری قەوارە سیاسییەكانی عێراق و ئەندامێكی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەیەكەوە دانیشتن تا بیروبۆچوونەكانیان یەك بخەن.
ئەگەرچی دەستنیشانكردنی ڕەشنووسی یاسا كاری لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراقە، بەڵام پێ دەچێت تا ڕێككەوتنێكی سیاسی لە پشتییەوە نەبێت، پەرلەمان نەتوانێت بڕیارێك بدات كە قابیلی جێبەجێكردن بێت.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق قاسم محەممەد دەڵێت: "ئێمە ئەمە بە دەستێوەردان لە كاروباری پەرلەمان نازانین و سوپاسیشیان دەكەین، چونكە هاوكاریمان دەكەن تا لەو كێشەیە دەرباز بین."
هەر دوو وەزیری نەوتی هەرێم و عێراق، كۆبوونەوەكەیان بە باش زانی و پێیان وابوو لە داهاتوودا ئەنجامی دەبێت.
لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم ئاشتی هەورامی ڕایگەیاند كە یەكشەممە واتە پێرێ، پارەی ئەو كۆمپانیا بیانیانە دەدرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا كار لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و غازدا دەكەن.
بەغدا زیاتر لە یەك تریلیۆن و نیوی پارەی ئەو كۆمپانیایانە قەرزدرار بوو و نەیدەدا. هەرێمیش جاروبار هەناردەكردنی نەوتی ڕادەگرت تا گوشار لەسەر بەغدا دروست بكات پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدات.
13ـی مانگی ڕابردوو، بەستەڵەكی كێشەكانی وزەی هەرێم و بەغدا شكا و هەردوو لا ڕێككەوتننامەیەكی 9 خاڵییان بۆ كۆتاییهێنان بەو كێشانە واژۆ كرد.
بە پێی ئەو ڕێككەوتننامەیە، حكوومەتی بەغدا 1 تریلیۆن دیناری كرێی ئەو كۆمپانیایانە دەدات كە لە هەرێمدا كار دەكەن و هەرێمیش ئاستی هەناردەكردنی خۆی بە بێ وەستاندنەوە، بەرز دەكاتەوە.
لە دوێنێوە هەرێم ئاستی هەناردەكردنی لە 140 هەزار بەرمیلەوە بۆ 200 هەزار بەرمیل لە هەر ڕۆژێكدا، بەرز كردەوە.
بە گوتەی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق (فازڵ نەبی) پارەی ئەو كۆمپانیایانەی نەوت لە هەرێم بەرهەم دەهێنن، لە بودجەی 2013ـدا جێگر كراوە و بڕەكەی 644 ملیۆن دۆلارە.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007ـەوە یاسای نەوت و غازی لە پەرلەمانی كوردستان پەسند كرد و بە پێی ئەو یاسایە نزیكەی 50 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا بیانیاكانی ئەو بوارەدا مۆر كردووە.
ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پەرلەمانی عێراق نەیتوانی یاسای نەوت و غاز پەسند بكات و گرێبەستەكانی هەرێم مشتومڕێكی زۆریان لەسەر دروست بوو.
بەرپرسانی وزەی عێراق، لەو بڕوایەدان كە سامانی نەوت و غاز دەبێت لە ناوەندەوە كۆنتڕۆڵ و بە ڕێوە ببردرێت، كەچی بەرپرسانی وزەی هەرێم ئاماژە بە مافی دەستووریی خۆیان لەمەڕ بەڕێوەبەردنی ئەو سامانەیان دەدەن.
ئێستا 3 ڕەشنووسی یاسا بۆ نەوت و غاز لە پەرلەمانە كە لیژنەكەی نەیتوانیوە یەكێكیان دەستنیشان بكات.
بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كێشەیە، بڕیارە هەر دوو وەزیرەكەی هەرێم و بەغدا كۆبوونەوەی بەردەوام بكەن تا ئەوان لە جیاتی پەرلەمان بگەنە ئەنجامێك و پاشان پەرلەمان پەسندی بكات.




