هەر خێزانێكی عێراقی بڕی 500 دۆلار وەردەگرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند كە بە پێی ماددەی 2ـی یاسای بودجەی گشتی، ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت لە 85 دۆلار زیاتر بفرۆشرێت، پارەكەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی نەجیبە نەجیب بامەڕنی بە ڕۆژنامەی «هەولێر» رایگەیاندووە: « بۆ ئەمساڵ هەر خێزانێك بڕی 500 دۆلار لە زیادەی فرۆشتنی نەوت وەردەگرێت، چونكە بە پێی ماددەی 2ـی یاسای بودجەی گشتی، ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 85 دۆلار زیاتر بفرۆشرێت، ئەوا زیادەی پارەكە لە ڕێگەی كۆبوونی خۆراكەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، كە تەنیا لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 9 تریلیۆن و 250 ملیار دینار لە پارەی نەوت زیادی كردووە و تا كۆتایی مانگی 11 بە رێژەی 25% بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.»
ئەو ڕوونیشی كردەوە كە لیژنەی پەروەردە، پڕۆژەیاسایەكی ئامادە كردووە و ڕەوانەی لیژنەی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی هەر قوتابییەكی سەرەتایی مانگانە بڕی 50 هەزار دینار وەربگرێت، كە سەرجەم قوتابیانی عێراق و كوردستان دەگرێتەوە.
گوتیشی: «ئەو بڕەپارەیەیش 900 ملیۆن دینارە و لە سەرەتای كردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان بە ڕووی قوتابیاندا، تا كۆتایی دەوام مانگانە دابەش دەكرێت.»




