دوو وەزارەتی دیكە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران زیاد دەكرێن

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی زیادكردنی دوو وەزیر پڕۆژەیاسایەكی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە و پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوویشدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.
پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی كوردستانی ئاسۆ كەریم پێی وایە كە نەبوونی وەزیرێك بۆ كاروباری ئێزدییەكانی كوردستان كەموكورتییەكە، كە داواكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زیادكردنی وەزیرێك بۆ ئەو پێكهاتەیەی كوردستان، ئەو كەموكوڕییە پڕ دەكاتەوە.
هاوكات پەرلەمانتار فازڵ بەشارەتیـیش رایگەیاندووە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام ئێزدییەكانی كوردستان بە ڕەسەنترین كوردی جوگرافیای كوردستان دەزانێت. ئەو ڕوونیشی كردەوە كە وێڕای ئەوەیش ئێزدییەكان تایبەتمەندیی ئایینییان هەیە و پێویستە بە كردەوە لە بەرچاو بگیرێن.
وهزیرێک لهنێوان حکوومهت و پهرلهمان
لەلایەكی دیكەیشەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای زیادكردنی وەزیرێك بۆ كاروباری ئێزدییەكان، داوای وەزیرێكی دیكەیشی بۆ پێوەندیی نێوان حكوومەت و پەرلەمان كردووە. لەسەر ئەو داوایەیش پەرلەمانتار فازڵ بەشارەتی پێی وایە كە ناكرێ ڕێكخەری نێوان دوو دەستگەی گرنگی كوردستان دەستەڵات و پێگەی وەزیری نەبێت.
ئاسۆ كەریمـیش لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ڕێكخەری كاروباری پەرلەمان و حكوومەت، پێویستە لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا بەشدار بێت و پردی ڕاستەوخۆی نێوان حكوومەت و پەرلەمان بێت.
هەر بۆیەیش، بە گوتەی ئەو هەبوونی وەزیری ڕێكخەری كاروباری پەرلەمان و حكوومەت، پێوەندیی نێوان ئەو دەستگەیە ئاسانتر و ئامانجدارتر دەكات.
هەر لەسەر پێویستیی ئەو دوو وەزارەتە و هاوكات ئەو بەڵێنەی سەرۆكی كابینەی حەوتەم نێچیرڤان بارزانی بە ئێزدییەكانی كوردستانی دابوو، پڕۆژەیاسایەك ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بۆ ئەوەی دوو وەزیری كاروباری ئێزدییەكان و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان لە كابینەی حكوومەتدا زیاد بكرێن.
ڕێكخەری پێوەندییەكانی نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم سەعد خالید بە هەولێرـی ڕاگەیاند كە مانگی شەشی ئەمساڵ پڕۆژەیاسایەك ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كرا، بەڵام هەندێك پەرلەمانتار تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەبوو، بۆیە ڕەوانەی حكوومەت كرایەوە. ئەو ڕوونیشی كردەوە كە دوای ئەوەی لەسەر داوای پەرلەمانتاران دوو وەزیرەكە دیاری كران و هەروەها هەندێك گۆڕانكارییشی تێدا كرا، جارێكی دیكە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرایەوە.
سەعد خالید گوتیشی كە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكە بكرێت. ئەو پێیشی وایە كە ئێزدییەكان وەكوو بەشێكی گرنگ لە نەتەوەی كورد، تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و تاكوو ئێستا بەشێكی زۆر لە ناوچەكانیان نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، هەر بۆیەیش بە گوتەی ئەو پێویستە ئێزدییەكان كەسێكیان لە دەستەڵاتی جێبەجێكار و سیاسیدا هەبێت.
سەبارەت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمانـیش، سەعد خالید لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ئەو وەزیرە جگە لەوەی پێوەندیی نێوان پەرلەمان و حكوومەت بەدامەزراوەیی دەكات، هاوكات چەندین ئیشكالییەتی یاساییش چارە دەكات.




