٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری داد: یاسا بەسەر هەموو كەسێكدا دەچەسپێت

سەرچاوە: KDP.info

بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لەو یاسا و بڕیار و ڕێنماییانەی کە پێویستە لە لای هەر هاووڵاتییەک ڕوون و ئاشکرا بێت، وەزارەتی داد كۆبەندی ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانی كۆ كردەوە و بە چاپی گەیاندەوە. وەزیری داد شێروان حەیدەری ڕایگەیاند: "یاسا بەسەر هەموو كەسێكدا دەچەسپێت و بێئاگایی لە یاسا، دادی هیچ كەسێك نادات."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد ڕوونی كردەوە كە لە پێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاسایی بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان و هەروەها بۆ ئاسانتر گەییشتنی بە هاووڵاتیانی ئاسایی و خوێنەران و توێژەرەوان، وەزارەتی داد ئەو پڕۆژەیەی جێبەجێ کردووە.

ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان كە ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەری دەکات، هەموو یاسا و ڕێسا و ڕێنمایی و بەیانەکانی حکوومەتی هەرێم و دەستگە دادوەریی و کارگێڕییەکانی تێدا بڵاو دەکرێتەوە. تەواوی ژمارەکانی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان شەش بەرگی لە خۆ گرتووە، کە بڕیارە چاپکردنی بەرگەکانی دیكەیش لە داهاتوودا بەردەوام بێت.

هاوکات لەگەڵ کۆبەندەکەدا فەهرستێکیش ئامادە کراوە کە وەک ڕێنیشاندەرێکە بۆ گەڕان بەناو کۆبەندەکەدا، کە لەسەر سیدییش لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەریی بەرزدا ئامادە کراوە و گەڕانەكان ئاسان دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار