هێنانی كرێكاری بیانی بۆ ناو هه‌رێم سنوردار ده‌كرێت

به‌ئامانجی رێكخستن و سنورداركردنی هێنانی كرێكاری بیانی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ هاوڵاتانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی بێكاری، وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ژووره‌كان بازرگانی كوردستان هه‌وڵی دانانی سیسته‌مێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ده‌ن.
عه‌باس ئه‌كره‌م، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به خه‌ندانی راگه‌یاندووه: به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی هێنانی كرێكاری بیانی بۆ ناو كوردستان، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ژووره بازرگانیه‌كان سه‌رقاڵكردنی ئاماده‌كردنی دانانی سیسته‌مێكن، تاكو به‌گوێره‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌كه هێنانی كرێكار بۆ ناو هه‌رێم سنوردار یان رێكبخرێت.
وتیشی: له‌كاتی ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له كرێكاری بیانی له هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌یه، كه به‌شێكی زۆریان له رێگای وه‌زاره‌تی كار نه‌هاتوون، به‌ڵكو به رێگای نایاسایه‌وه هاتوون، بۆیه پێویسته هاتنی كرێكار بۆ هه‌رێمی كوردستان رێكبخرێت و به گوێره‌ی پێویستی بهێندرێت و ئه‌و كرێكارانه بهێندرێن كه له بوارێكی هونه‌ری پرۆژه‌یه‌كدا پێویستی پێی هه‌یه و له كوردستان نه‌بێت.
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئامانجێكی تری ئه‌و سیسته‌مه ئه‌وه‌یه هه‌موو كرێكاران به‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه ماف ئیمتیازه‌كانیان بۆ دابین بكرێت، بۆیه به ده‌رچوون و ته‌واوبونی ئه‌و سیسته‌مه هاوشانی كرێكارانی ناوخۆ كریكارانی بیانیش له‌چوارچێوه‌ی یاسا مافه‌كانیان پاریَِزراو ده‌بێت، له‌لایه‌كی تر دانانی ئه‌و سیسته‌مه وه‌اده‌كات ده‌ستی كرێكارانی ناوخۆ له پرۆژه‌كان به‌كار بهێندرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ره‌خساندنی هه‌لی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان.
به‌گوێره‌ی ئامارێك له ساڵی 2011 زیاتر له سێ هه‌زار كرێكار له رێگای وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هاتونه‌ته هه‌رێمی كوردستان كه زیاتر له دوای ساڵی 2003ه‌وه بووه، به‌شێكی تر به‌رێگای نایاسایی هاتون كه زیاتر خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باشوری عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و له وڵاتانه‌كانی نیپاڵ و ئه‌ندنوسیا و فلپینن.




