عادل به‌رواری: مالکی به پێک‌هێنانی هێزی دیجله ده‌یه‌وێت زه‌خت له هه‌رێم بکات

عادل به‌رواری ئه‌ندامی پێشووی لێژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه "نوری مالکی" سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نیازی ئه‌وه بووه که کۆنتڕۆڵێکی سه‌ربازی له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌کانی عێراق بکات، به‌تایبه‌ت ناوچه دابڕێندراوه‌کان.
عادل به‌رواری سه‌باره‌ت به ئامانجه‌کانی مالکی له پێک‌هێنانی هێزی دیجله به په‌یامنێری راگه‌یاندووه: مالکی وه‌ک پارێزگاکانی دیکه ده‌ڕوانێته که‌رکوک و ته‌نانه‌ت له هاتنی بۆ که‌رکوک و موسڵ مه‌به‌ستی خۆی هه‌بوو ئه‌ویش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بوو له هه‌رێمی کوردستان.
به‌رواری گوتی: هه‌ندێک له جیابووه‌کانی لیستی عێراقییه‌ش پشتگیری له‌و هه‌وڵانه‌ی مالکی ده‌که‌ن، کاتێک چووه موسڵ و بڕیاری چاوپۆشیی له هه‌ندێک ئه‌فسه‌رانی پێشووی به‌عس ده‌رکرد و هه‌مووی گه‌ڕاندنه‌وه بۆ پۆسته‌کانی پێشووی خۆیان، مه‌به‌ستی پێک‌هێنانی هێزێک بوو دژی هه‌رێمی کوردستان، دانانی که‌سێک بۆ فه‌رمانده‌یی هێزی دیجله که پێشتر به‌عسی بووه له ئه‌نفال ده‌ستی هه‌بووه، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر مالکی نیازی چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان با، ده‌بوا ئه‌م هێزه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاکانی ده‌وروبه‌ری که‌رکوک پێکهاتبا.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق روونیشی کرده‌وه: مالکی ته‌نانه‌ت به‌وه‌ش خۆشحاڵ نه‌بوو که کێشه‌کانی نێوان لایه‌نی کوردی و عه‌ره‌ب له موسڵ به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ده‌چوو.
عادل به‌رواری گوتی: ئامانجه‌کانی مالکی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیاربوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ده‌یه‌وێت له هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه، سه‌ربازی، ئه‌منی و جۆگرافی، هه‌رێمی کوردستان گه‌مارۆ بدات و زه‌ختی لێ‌بکات.




