جیاوازیی مووچە بۆ هەمووان خەرج دەكرێت

پاش ئەوەی لە كابینەی پێشوودا جیاوازیی مووچە بۆ فەرمانبەرانی سلێمانی خەرج كرا و لە هەولێر و دهۆك ئەو جیاوازییە خەرج نەكرا، نیگەرانیی لای ژمارەیەك فەرمانبەرانی ئەم دوو پارێزگایە دروست كرد و وەزارەتی داراییش بە بڕیاری ژمارە 9/4/2261 لە ڕێككەوتی 2/2/2012ـدا، داوای لە گەنجینەی هەولێر كرد كە ئەو جیاوازییە خەرج بكرێت، بەڵام تاكوو ئێستا ئەو جیاوازییە بۆ ژمارەیەك فەرمانبەر خەرج نەكراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دلێر تاریق ڕایگەیاند: "ئەو جیاوازییە بۆ هەموو فەرمانبەرێك خەرج دەكرێت كە زۆربەی فەرمانبەران ئەو جیاوازییەیان بۆ خەرج كراوە و تەنیا ژمارەیەكی كەم ماون."
بە گوتەی دلێر تاریق هەر فەرمانبەرێك ئەو جیاوازییەی وەرنەگرتبێت، دەوانێت بە نووسراوێك داوا بكات و ئەوانیش دوای ڕێنماییە یاساییەكان، بۆی خەرج دەكەن.




