پەرلەمانتارێكی سەدر: مالیكی، فیتنەگێڕە و كودەتای سەربازی دەكات
-ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی سەدر، محەممەد ڕەزا خەففاجی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە داڕشتنی پلانی كودەتا تۆمەتبار دەكات، ئەمە ئەگەر بێت و متمانەی لێ بسەندرێتەوە و لە كار لادرێت. هاوکات نووری مالیكی، بە "فیتنەگێڕ" و تێکدەری ماڵی کورد وەسف کرد.
خەففاجی، هاوكات نووری مالیكی وەها تۆمەتبار دەكات كە دەیەوێت بە زەبری هێز لە دەستەڵاتدا بمێنێتەوە و هەر كاتێكیش متمانەی لێ بسەندرێتەوە، ئەوا "فیتنەی نێوخۆیی" لە نێوان ئەندامانی لیستە سیاسییەكاندا دەنێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتی سەدر، بۆ ئاژانسی (کل العراق) ئاشكرای كرد "نووری مالیكی لە ڕێگەی هەندێك گرووپی سەربە وەزارەتی بەرگرییەوە كە وابەستەییان بۆی هەیە، هاوكات دروستكردنی چەندان فەوج لە دەوروبەری خۆی، ئەمە بە پاساوی پارێزگاریلێكردنی، هەروەها گۆرانكاریی لە سەرۆك فیرقەكانی سوپا و دانانی ئەو ئەفسەرانەی كە لایەنگیری ئەون، نیشانەی پلانگێڕییەتی."
خەففاجی، هەروەها نایشارێتەوە كە بەم دواییە ئەندامانی دەوڵەتی قانوون، ڕۆڵی "فیتەگێڕ"ـییان لە نێوان سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ، جەلال تاڵەبانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانیدا بینوە. چڕكردنەوەی سەردانەكانیشیان بە تایبەت لە ماوەی ئەو قەیرانەدا بۆ لای تاڵەبانی و پەراوێزخستنی بارزانی، دەرخەری ئەم ڕاستییەن.
ئەو ڕاشكاونەیش دەڵێت كە دەوڵەتی قانوون بە مامەڵە فیتنەگێڕییەی دەیەوێت كورد لێك بترازێنێت و یەكڕیزییان نەهێڵێت.
پەرلەمانتارەكەی ڕەوتی سەدر، سەردان و كۆبوونەوەی مالیكی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بۆ كەركووك، بە وەشاندنی گورز لە كوتلە سیاسییەكان وەسف دەكات.




