نوێنەرێکی کورد له پهرلهمانی عێراق:دروستکردنی حکومەتی زۆرینە قسەی بێ مانایە

دوای ئەوەی لەکاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای ژێرخانی ئابووری لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی کوردستانی هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت، ئەمڕۆ پەرلەمانتارێکی لیستەکەی مالکی ڕایگەیاند: بۆ ئەم ڕەوشەی ئێستای عێراق، حکومەتی زۆرینە تاکە بژاردەیە. لەبەرانبەر ئەوەشدا پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی کوردستانی دهڵێت: ئەم قسهیه بێ مانایە و دروست کردنی حکومەتی زۆرینە خەیاڵ خاوییە.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی هاوپەیمانیی کوردستانی، سیروان ئەحمەد، لە لێدوانێکیدا بؤپەیامنێر، گوتی: "ئەو عێراقەی ئێستا به رێککهوتن دروست بووە و بەبێ ڕێکەوتنیش بەهیچ جۆرێک نابێت. ئەوانەش خەیاڵیان خاوە کە دەڵێن حکومەتێکی زۆرینە دروست دەکەین و دروست کردنی حکومەتێکی لەو شێوەیە ئاژاوە دروست دەکات".
سیروان ئەحمەد، گوتی:"حکومەتەکەی ئێستا به تەوافوقە و کێشە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، ئینجا چۆن ببێتە حکومەتێکی زۆرینە؟ ئەوەشی که لەو بارەیەوە دەگوترێت، قسەی بێ مانایە و بۆ هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بەکار دەهێنرێت وهیچیان پێ ناکرێت".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بۆئەوەش کرد: "ئێستا دەسەڵات لەژێر دەستی نوری مالکییە و پارە و هێزی لەبەر دەستایە، بۆیە هێز حکومهت دروست دەکات و کۆی دەکاتەوە و ڕۆژانە لەناوچەکەدا ئاڵۆزی دروست دەکات".




