موئەیەد تەییب: بەشی كوردی لە میدیاكانی عێراقدا پشتگوێ خراوە

بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق موئەیەد تەییب بە ڕۆژنامەی «هەولێر»راگەیاندووه: «بەشی زمانی كوردی لە ڕاگەیاندنی حكوومەتی عێراقدا پشتگوێ خراوە و هیچ بایەخی پێ نادرێت و لە هەمان كاتیشدا فەرمانبەران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە وەزارەتی ڕۆشنبیریدا زۆر كەمن.»
موئەیەد تەییب هۆكاری پشتگوێخستنی زمانی كوردی لە ڕاگەیاندنەكانی حكوومەتی عێراقدا، بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە كە یەكەمیان نەبوونی ڕۆشنبیری كوردە لە بەغدا و دووەمیش خەمساردیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی كوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە هەوڵی ئەوەیان نەداوە ئەو شتانە لەناو ڕاگەیاندنی حكوومەتی ناوەندیدا جێگیر بكەن.
گوتەكانی موئەیەد تەییب لە كاتێكدایە كە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمدا نووسینگەی كەناڵی ئەلعێراقییەی سەر بە حكوومەتی ناوەندی هەیە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ئەو كارمەندە كوردانەی كە لەو كەناڵە كاریان دەكرد، دەركران. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ڕۆژنامەی «نوێ»ـی سەر بە حكوومەتی ناوەندی كە لە شاری هەولێر بە زمانی كوردی دەردەچوو، ئەویش داخرا




