ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق خوێندنەوە بۆ 7 پڕۆژەیاسا دەكات

ئەندامێكی پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیی كوردستان راى گەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق لە 26مین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا خوێندنەوەى یەكەم و دووەم بۆ 7 پڕۆژەیاسا بكات كە گرینگترینیان پڕۆژەیاساى رادەربڕین و گردبوونەوە خۆپێشاندانى ئاشتییانەیە.
سەعید رەسوول خۆشناو بە ئاكانیوزى راگەیاندووه، كارنامەى دانیشتنەكەى ئەمڕۆی پەرلەمانى عێراق لە 7 بڕگە پێك هاتووە كە 5یان خوێندنەوەى یەكەمە و ئەوانى تریش دووەم خوێندنەوەیان بۆ دەكرێ.
خۆشناو گوتى، سەرەتا خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاساى ئەندامبوونی عێراق لە رێككەوتننامەی ناودەوڵەتی بۆ سەركوتكردنى هێرشەكان بەبۆمب، هەروەها 2 پڕۆژەیاساى تایبەت بەرێككەوتنامەى نێوان عێراق و ژاپۆن لەبارەى قەرز.
پتر گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاساى هەمواركردنى دووەمى یاساى تاریفەى گومگری دەكرێ لەگەڵ پڕۆژەیاساى دیاریكردنى ماوەى بەڕێوەبردنى پۆستەكان بەوەكالەت.
هەروەها گوتی، دوایین كارنامەى كۆبوونەوەكەى ئەمڕۆ خوێندنەوەى دووەمە بۆ پڕۆژەیاساى ئازادى رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپێشاندانى ئاشتیانە.




