ئهمساڵ عێراق گهورهترین بودجهی له مێژوویدا دهبێت

ئەمساڵ عێراق گەورەترین بودجەی لە مێژووی خۆیدا دەبێت و هەرێمیش لەو بودجەیە بێبەش نییە.
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و هیی هەرێمیش خەریكە ئامادە دەكرێت تا بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێت.
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق (فازاڵ نەبی) تایبەت بە «هەولێر» دەڵێت: «بودجەی عێراق ئەمساڵ 138 تریلیۆن دینارە كە نزیكەی 16 تریلیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت.»
بودجەی 2012ـی عێراق 117 تریلیۆن دینار بوو كە 12 تریلیۆن و 604 ملیار دیناری بەر هەرێم كەوت.
بە گوتەی (فازڵ نەبی) هەرێم لەسەر خەرجییە ئاساییەكان، 14 تریلیۆن و 200 ملیار دیناری بەر دەكەوێت و پشكی لە خەرجییە «حاكمە»ـكانی عێراقیشدا 1 تریلیۆن و 700 ملیار دینارە كە پێكەوە دەكاتە نزیكەی 16 تریلیۆن دینار. ئەم بڕە 3 تریلیۆن و 300 ملیار دینار لە بودجەی 2012ـی هەرێم زیاترە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزیری دارایی هەرێم (باییز تاڵەبانی) تایبەت بە «هەولێر» دەڵێت: «پشكی هەرێم ئەوەندە نییە كە باسی لێوە دەكرێت و سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێی ڕاگەیاندووین كە پشكی هەرێم لەو بڕە زۆر كەمترە كە ڕاگەیەندراوە.»
هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی هەرێم (مەلیحە ڕەسووڵ) ئاشكرای دەكات كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تا ئێستا سێ جار گۆڕانكاری بەسەر بودجەی عێراق و هەرێمدا هاتووە و تا لە پەرلەمان پەسند نەكرێت، پشكی ڕاستەقینەی هەرێم دەرناكەوێت.
بە پێی دوایین گواڕانكارییەكان كە بە دەست بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی هەرێم گەییشتووە، پشكی هەرێم 14 تریلیۆن و 209 ملیار دینارە.
بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، ئەمساڵ زووتر دەست بە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو كراوە و پێشبینی دەكرێت بە بێ دواكەوتن پێش سەرەتای ساڵی تازە، بودجەكە پەسند بكرێت.
گفتوگۆی وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتەكانی دیكە لەسەر بودجە بە گوتەی (مەلیحە ڕەسووڵ) لە قۆناغی كۆتاییدایە و چەند ڕۆژی داهاتوودا داواكاریی وەزارەتەكان هەمووی یەك دەخرێت و لە یەك دۆسییەدا پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكرێت.
ئەو ڕەتی دەكاتەوە كە هەفتەی داهاتوو كارەكانی بودجەی 2013 تەواو بێت، بەڵام بە بێ ئەوەی كاتێك دیاری بكات، دەڵێت: «ئەمساڵ بە زووترین كات بودجە ئامادە دەبێت».
حكوومەتی هەرێم لەسەر گوشاری پەرلەمان و شەقامی هەرێم ئەمساڵ لە 30ـی 8ـەوە دەستی بە ئامادەكردن و گفتوگۆی بودجەی دامودەستگەكانی كردووە و هەموو ڕۆژێ گفتوگۆی وەزارەتەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بودجە لە سەعات 8ـی بەیانییەوە دەست پێ دەكات و تا 8ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بە پێی پێڕۆی نێوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بودجە دەبێت لە مانگی 10ـدا بۆ پەرلەمان بنێردرێت. لیژنە پەرلەمانییەكانیش 1 مانگیان مۆڵەت پێ دەدرێت تا لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن و تێبینییەكانیان بە ڕاپۆرت ئامادە بكەن. پاشان لە هۆڵی پەرلەمانیش نزیكەی مانگێك گفتوگۆی لەسەر دەكرێتەوە تا پەسند دەكرێت.
زیاتر لە 90%ـی سەرچاوەی بودجەی عێراق نەوتە و بڕیار وایە لە ساڵی 2013ـدا ڕۆژانە 2 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكرێت و هەر بەرمیلێك بە 90 دۆلار بفرۆشرێت.
هەرێمیش لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و بڕیارە ساڵی داهاتوو بیگەیەنێتە 250 هەزار بەرمیل.
بە گوتەی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق (فازڵ نەبی) پارەی ئەو كۆمپانیایانەی نەوت لە هەرێم بەرهەم دەهێنن، لە بودجەی 2013ـدا جێگر كراوە و بڕەكەی 644 ملیۆن دۆلارە.
پێشبینی دەكرێت لە دوو تا سێ هەفتەی ئاییندەدا بودجەی عێراق و هەرێم لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرباز بێت و بگاتە پەرلەمان. ئەگەر لە كاتی خۆیدا لە پەرلەمان پەسند بكرێت، دەبێتە ڕووداوێكی مێژوویی بۆ عێراق.




