٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەللاوی: كۆنگرەی نیشتمانی مرد و تەواوبوو

سەرچاوە: Rudaw

ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە رایگەیاند كە ئەو بەشداری لەو كۆنگرە نیشتمانییەدا ناكات كە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق ئامادەكاریی بۆ دەكات بۆ چارەسەرەكردنی تەنگژەی ئێستای عێراق.

د.ئەیاد عەللاوی ، سەرۆكی لیستی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق ، لە هەڤپەیڤینێكی راستەوخۆدا لەگەڵ بەرنامەی (الخلاصە)ی تەلەڤزیۆنی (الشرقیە)دا كە كاژێر 8ی شەوی 26/9/2012 بڵاوكرایەوە، رایگەیاند كە ئەو خۆی رۆژی 26ی مانگ چووە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پڕۆژەیەی لەلایەن لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییەوە پێشكەشكراوە بە ناوی (پڕۆژەی ژێرخان)ەوە بۆ وەرگرتنی قەرز بۆ ژمارەیەك پڕۆژە لە عێراق دا. عەللاوی رایگەیاند كە ئەوان ئامادەن كە دەنگ بۆ ئەو پڕۆژەیە بدەن " بە مەرجێك بە ڕوونی دیاربێت پارەكە بۆ چ پڕۆژەیەك خەرج دەكرێن"، هەروەها گوتیشی لیستەكەی ئەوان و پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمان هەڵوێستیان هەیە و" باوەڕناكەم پەرلەمانتارانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەو چوارچێوەیە دەربچن".

سەبارەت بە "وەرەقەی ئیسلاح"یش كە ماوەیەكە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی باسیدەكات، رایگەیاند كە ئەو هیچ پڕۆژەیەكی لەوبابەتەیان نەبینیوەو ئاگاداری هیچ خاڵێكیشی نین و هیچ باوەڕیشی پێ نییە و گوتی " ئەوە وەك فووكردنە بە دەبدەبەیەكی دڕاودا"، چونكە وەك ئەو گوتی رێككەوتنی هەولێر كە دەستپێشخەری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، لە دوو بەش پێكهاتبوو " یەكەمیان پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی، دووەمیشیان چاكسازی و میكانیزمی ئەنجامدانی چاكسازییەكە لە عێراق"، بەڵام عەللاوی گوتی باوەڕی بەوە نەماوە چاكسازی بكرێت " چونكە زۆر بە سادەیی هیچ حكومەتێك نییە وەك عێراق باری ئەمنی ئەوەندە خراپ بێت كەچی زیاتر لە دوو ساڵە وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری نییە، لەكاتێكدا كە ئەو ناوچەیەی عێراقی تێدایە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە دەچێت".

ئەیاد عەللاوی ، سەبارەت بەوەی ئایا هەوڵەكانی جەلال تاڵەبانی سەردەكەون بۆ بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق و ئایا ئەو بەشداریی تێدا دەكات ، رایگەیاند " كۆنگرەی نیشتمانی عێراق تازە شتێكە مردووە، گاڵتەش بەخۆم ناكەم بچمە كۆبوونەوەیەكی بێ ئەنجامەوە تەنیا بۆ بەیەكتر پێكەنین"، هەروەها گوتیشی ئەو رێزی تاڵەبانی دەگرێت و رێزی ئەو رۆژگارەش دەگرێت كە پێكەوە دژی رژێمی پێشوو كاریانكردووە، بەڵام بڕوا بە بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی بەوشێوەیەدا نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار