سه‌رۆك بارزانى: كه‌س ناتوانێ چاره‌سه‌ر بۆ پرسی كه‌ركووك بسه‌پێنێ، پێشێلكردنی ماده‌ی 140 ده‌رگا له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دیكه ده‌كاته‌وه
گۆڤارى Lessentiel گۆڤارێكى ناسراوى فه‌ره‌نسیه و بایه‌خ به مه‌سه‌له نێۆده‌وڵه‌تى و جیهانیه‌كان ده‌دات و ئۆفیسى سه‌ره‌كى له (پاریس)ه. ئه‌م گۆڤاره به هه‌رسێ زمانى (فه‌ره‌نسى و ئینگلیزى و روسى) ده‌رده‌چێت و به سه‌دان هه‌زار دانه‌ى له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا لێ بڵاو ده‌كرێته‌وه. له دوایین ژماره‌ى خۆیدا كه بۆ مانگى 9و10/2012 ده‌رچوو، به‌شێكى فراوان و تایبه‌تى ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه سیاسى و ئابوورى و سه‌قامگیرییه ئاسایشییه‌ى كه له سایه‌ى سه‌رۆكایه‌تىی سه‌رۆك مسعود بارزانیدا، وه‌دى هاتوون. له‌سه‌ر به‌رگى گۆڤاره‌كه، له پێناسه‌كردنى سه‌رۆك بارزانیدا، نوسراوه (مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی دیموكراتێك كه ژیانى خۆى بۆ پبَشكه‌وتنى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ته‌رخان كردووه).
هه‌ر دوو رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگى فه‌ره‌نسى (دیمیترى فریدمان و پییه‌ر لى بیله‌ر) چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى سازكردووه. له پێشه‌كى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه سه‌رۆك بارزانى وه‌ك پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌یه‌ك و سیاسى و دیپلۆماتێك، هه‌میشه هه‌ڵوێستى روون و راسته‌وخۆیه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه له مێژووى كورد دا، هیچ كاتێك وه‌ك ئێستا زه‌مینه له بار نه‌بووه بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و له‌و رووه‌شه‌وه سه‌رۆك بارزانى ده‌ڵێ ( سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى كه خه‌ڵكى كوردستان ئه‌و مافه سروشتیه‌ى خۆى ده‌وێت، به‌ڵام مافى چاره‌ى خۆنوسین له رێگه‌ى دیالۆگ و به ئاشتى دێته‌دى).
سەرۆک بارزانی لە دیمانەکەدا و له پرسیارێكی گۆڤاره‌كه له‌باره‌ی رێكه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ (ی,ن,ك) كه ئایا هه‌ڵسه‌نگاندنی چییه؟، رایگه‌یاند: ئێمه باوه‌رێكی قۆلمان به پێكه‌وه ژیان و كاری پێكه‌وه‌یی هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان هه‌یه. بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له هه‌رێمی كوردستان, هاوپه‌یمانی پارتی و یه‌كێتی، مه‌سه‌له‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیه، ده‌رئه‌نجامه‌كانیش به‌ڕوونی له هه‌موو لایه‌كه‌وه دیارن, پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی ئابوریمان هه‌یه, ئاوه‌دانیه‌كی فراوانمان هه‌یه و ئاسایش و سه‌قامگیری باشمان هه‌یه.
سەرۆک بارزانی دەڵێ: ئێمه هێشتا له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانین، زۆر شت ماوه به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نین و له ڕووی حوكمرانیه‌وه، هه‌رێمی كوردستان ئه‌زموونی كه‌متری هه‌بووه. ئێمه له پرۆسه‌ی دروستكردنی دامه‌زراوه ده‌ستوریه‌كانمانین و چه‌سپاندنی لێك جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌شریعی (په‌رله‌مان) و جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریین. ئامانجێكی دیكه‌ی گه‌وره‌مان فه‌راهه‌م كردن و گه‌ره‌نتی كردنی ئازادیه‌كانی تاكی كوردستانه. زۆر شانازی به‌وه‌ده‌كه‌ین كه هیچ زیندانی سیاسیمان له كوردستان نییه. زۆر هانده‌ری ئه‌وه‌ین كه كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌كان به هێزببن.
له پرسیارێكی گۆڤاره‌كه سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی 2005 و 2009 له هه‌رێمی كوردستان, سه‌رۆك بارزانی وتی: كاتێك داوام لێكرا خۆم بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێرم به په‌رله‌مان و لایه‌نه‌كانم گوت كه ئاماده‌م خۆم هه‌ڵبژێرمه‌وه ئه‌گه‌ر به ده‌نگدانی راسته‌وخۆ بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بێت، پێم باشه كه‌سێكی دیكه هه‌ڵبژێرن. مه‌به‌ستم بوو بزانم له ناو میلله‌ته‌كه‌م چه‌نده پشتگیریم لێده‌كرێت. ده‌نگدانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، ره‌نگه به هۆی هه‌ندی ئیعتیبارات بێت، به‌ڵام ده‌نگدانی راسته‌وخۆی میلله‌ت، وانییه. من ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌م ده‌ویست كه‌له خه‌ڵكه‌وه بێت.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: ئێمه هیچ هه‌نگاوێكمان له‌ده‌ره‌وه‌ی مافه ده‌ستوریه‌كانمان نه‌ناوه. له مانگی شوباتی 2007, له‌سه‌ر پرۆژه یاسایه‌ك بۆ نه‌وت و گاز رێككه‌وتین. ئه‌و پرۆژه یاسایه، هاوپێچێكی هه‌بوو كه ئه‌گه‌ر تا مانگی ئایاری 2007 ئه‌م پروژه یاسایه، په‌سه‌ند نه‌كرێ له په‌رله‌مان, ئه‌وا هه‌ردوولا ده‌توانن گرێبه‌ست ئیمزا بكه‌ن.
گوتیشی: ئار گێومێنتی دیكه‌ی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایا ئه‌وه‌ی ئێمه كردوومانه نا ده‌ستووری یان نایاسایی بێت، یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی ئێمه بێت، هێچ لۆجیك نیه كه كۆمپانیای گه‌وره‌ی وه‌كو ئێكسۆن مۆبیل و گازپرۆم و شێڤرۆن و تۆتال بێنه كوردستان و كاربكه‌ن و بزانن كاره‌كان نا ده‌ستووری یان نایاسایی ده‌بن. به‌رپرسانی نه‌وت له به‌غدا شكستیان هێناوه له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان. ته‌نها شتێك ده‌یكه‌ن, خستنه‌رووی دوژمنایه‌تیانه به‌رامبه‌ر كورد.باشتره بۆیان ته‌ركیز له‌سه‌ر زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بكه‌ن له عێراق.
له‌باره‌ی بارودۆخی كوردانی سوریا، سه‌رۆكی هه‌رێم رایگه‌یاند: بارودۆخی كورده‌كانی سوریا جیاوازه چونكه ئه‌وان ته‌نانه‌ت له مافی هاوڵاتی بوونیش بێبه‌شكراون, ده‌بێ له سوریا, چوارچێوه‌یه‌ك هه‌بێت كه كورد مافه‌كانی به‌ده‌ست بێنێ, وه‌ك چۆن كورد له عێراق مافه‌كانی به‌ده‌ست هێناوه، ئێمه هاوكاری كورده‌كانی سوریا ده‌كه‌ین تاوه‌كو گۆتارێكی سیاسی یه‌كگرتوویان هه‌بێت، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره چاره‌سه‌رێكیان له‌سه‌ر بسه‌پێنیت.
گوتیشی: په‌نابه‌رانی كوردی سوریا هه‌ندێكیان مه‌شقیان پێكراوه، به‌ڵام مه‌شقی هێرش بردنیان پێ نه‌كراوه, به‌ڵكو مه‌شقی به‌رگریكردنیان پێكراوه، چونكه ئه‌و ناوچانه‌ی كه كوردی سوریای لێیه، له كاتی دروست بوونی فه‌راغی ئه‌منی, پێویستیان به پاراستنی سه‌قامگیری هه‌یه تا له فه‌وزا و تێكدان بپارێزرێن.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا, سه‌رۆك بارزانی وتی: هه‌رگیز خوازیاری ئه‌وه نه‌بووین په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا باش نه‌بێت, گۆڕانێكی گه‌وره له سیاسه‌تی توركیا دا روویداوه, له‌رووی ئابوریه‌وه, په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا زۆر به‌ره‌و پێش چووه هه‌روه‌ها ئێمه پشتگیری له مافه‌كانی كورده‌كانی توركیا ده‌كه‌ین, پێمان وایه ستراتیژی چه‌كداری په‌كه‌كه پێویست نییه، ئێمه به سه‌ركرده كورده‌كانمان گوتووه كه ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن به شێواز و رێكاری ئاشتیانه چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه بكه‌ن.
وتیشی: سه‌باره‌ت به پرسی كه‌ركوك, هیچ كه‌س ناتوانی هیچ جۆره چاره‌سه‌ریه‌ك بسه‌پێنی, نه ئێمه خۆمان ده‌توانین، نه هیچ لایه‌كی دیكه‌ش ده‌توانی. مادده‌ی 140 زۆر ڕوون و ئاشكرایه، پێشل كردنی ئه‌م بنه‌مایه، ده‌رگا له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دیكه ده‌كاته‌وه، ئه‌و كاتیش هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه ده‌بن.
ئاماژه‌یدا: ئه‌گه‌ر بزانین ده‌ستور پێشل ده‌كرێت و له مانا و به‌هاكانی داده‌بڕینرێت و جێبه‌جێ ناكرێ، ئێمه ناتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره سیسته‌مه بژین، ئێمه ناتوانین له سایه‌ی سیسته‌مێكی دیكتاتوری له عێراق بژین.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌بێت كوردستان چ جۆره سوپایه‌كی هه‌بێت، سه‌رۆكی هه‌رێم گوتی: فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه و عه‌قیده‌ی ستراتیژی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رگریكردنه، ئێمه هیچ كات په‌لاماری كه‌س ناده‌ین و هێرشیان ناكه‌ینه سه‌ر كه‌س. به پێی ده‌ستوری عێراق، ئێمه ئه‌و مافه‌مان هه‌یه كه هێزی خۆمان هه‌بێت بۆ به‌رگریكردن. ئێمه هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆمان مه‌شق پێكردووه تا ببێته بنه‌ما و بناغه‌ی ئه‌م هێزی به‌رگرییه. پێشمه‌رگه‌كانمان ئاماده‌ن بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك.




