ئەندامێکی لیستی عێراقییە: زۆر لە پارێزگاکانی عێراق ئومێد دەکەن بگەنە ئاستی کوردستان

ئەندامێکی لیستی عێراقییەرایدەگەێنێت کە زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق، ئومێد دەکەن بگەنە ئاستی هەرێمی کوردستان.
سەلیم جبووری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی عێراقییە لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێر ، رایدەگەێنێت کە زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق، ئومێد دەکەن بگەنە ئاستی هەرێمی کوردستان. لەبارەی بڕیاری لەسێدارەدانی هاشمیش جبوری ڕوونی دەکاتەوە کە بەو پێیەی لەسێدارەدانی هاشمی تۆڵەکردنەوە بوو، جێبەجێ ناکرێت. لەوەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی ناوبراو بەوەی کە ئایە لەسێدارەدانەکەی هاشمی جێبەجێ دەکرێت؟ لەوەڵامدا ئەو ئەندامەی لیستی عێراقیە دەلێت: نەخێر. هۆکاریش زۆرن، یەکەم ئەو لە عێراق نییە، ئینجا ئەو حوکمە قۆناغی زۆری لەپێشە لە تەمییزکردنەوە، ئینجا ئەو بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت کێشە دروست دەکات و ڕەنگە هەڕەشە بێت بۆ ئاشتیی ئەهلی، ئەمەیش وای لێ دەکات جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئەستەم بێت.
پاشانیش لەبارەی ئەوەی کە چۆن دەڕوانیچتە هەرێمی کوردستان، سەلیم جبووری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی عێراقییە ڕایگەیاند: ئاماژەکانی سەرکەوتنی زۆر ڕوونن، هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەزموونێکە لە دەستەڵاتەکانی لە دەستوور و کۆمەڵێکی شتی تر سوودی بینیوە و ئەمڕۆ بووەتە نموونەیەک کە زۆر لە پارێزگاکانی عێراق ئومێد دەکەن پێی بگەن.




