پەرلەمان داوای زیادكردنی بودجەی یەكەكانی نیشتەجێكردن دەكات

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو بودجەیەی بۆ دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون تەرخان دەكرێت، كەمە و داوایان كردووە كە بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری لە شێوزا و بڕەكەیدا بكرێت.
سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی پەرلەمانی كوردستان، محەمەد سەعید حەمەعەلی، بە پەیامنێری راگەیاندووه: "لە كۆبونەوەیەكماندا لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و لایەنە پەیوەندارەكان، لە هۆكاری كەمی بودجەی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێكردنمان كۆڵیەوە كە ساڵانە ژمارەیەكیان لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم دروست دەكرێن".
محەمەد سەعید حەمەعەلی گوتی، بەپێی یاسای هەمواركراوی وەبەرهێنان دەبێت ساڵانە حكومەتی هەرێم بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو یەكانە دابین بكات، بەڵام ئێستا بودجەكە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنە، بەمەش وەزارەتەكە وێڕای ئەوەی كە ژمارەیەكی كەم خانووی پێدروست دەكرێت، كاریگەریش لەسەر پڕۆژەكانی تری رێگاوبان و بیناكان دروست دەكات.
سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی پەرلەمان باسی لەوەشكرد، ئێمە پێمانباشە بودجەیەكی سەربەخۆ و باش بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێكردن دابین بكرێت، هاوكات بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە تەنها بۆ بواری رێگاوبان و بیناكانی سەر بە وەزارەتەكەیان خەرج بكرێت و وەزارەتەكانی تر لەسەر بودجەی خۆیان بینای بۆ فەرمانگەكانیان دروست بكەن، بەڵام دەكرێت وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرپەرشتی دیزاین و چاودێری دروستكردنیان بكات.
ئەو ئەندام پەرلەمان گوتی: هەموو ئەو پێشنیارو داواكاریانە بە نوسراوێك دەدەینە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆك و جێگری ئەنجومەنی وەزیران دابنیشین و لە نزیكەوە بابەتەكانیان لەگەڵ تاووتوێ بكەین.




