٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری سامانە سرووشتییەکان: هەفتەی داهاتوو بەغدا پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان دەدات

سەرچاوە: Hewler

یەكەمین سولفەی كرێی ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوت و غازی هەرێمدا كار دەكەن، دەدرێت. وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم ئاشتی هەورامی دوێنێ ئەوەی لە كۆنفڕانسی وزە لە ئیستانبووڵ ڕاگەیاند.
بڕی ئەو پارەیەی كە بڕیار وایە بەو كۆمپانیانە بدرێت، 1 تریلیۆن دینارە كە هەفتەی داهاتوو لە لایەن بەغداوە دابین دەكرێت.
پێدانی ئەو پارەیە پاش ئەوە دێت كە 13ـی ئەم مانگە بەغدا و هەرێم ڕێككەوتنێكی 9 خاڵییان سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانیان لەسەر بەڕێوەبەردنی كەرتی نەوت و غاز واژۆ كرد.
بە پێی ئەو ڕێككەوتننامەیە، هەرێم لە هەناردەكردنی نەوتەكەی بەردەوام دەبێت و مانگی 10 بڕی هەناردەكردن بۆ 200 هەزار بەرمیل نەوت لە هەر ڕۆژێكدا بەرز دەكاتەوە و تا كۆتایی ساڵی 2012 بەردەوام دەبێت.
هەرێم ئێستا ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و داهاتەكەی دەچێتەوە سەر بودجەی گشتیی عێراق.
وەزیری سامانە سرووشتییەكان، ئاشكرای دەكات كە هەرێم ئێستا بەرەو بەرهەمهێنانی ڕۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەنگاوی ناوە و تا ساڵی 2015ـدا دەگاتە ئامانجەكەی.
ئەو هەواڵە نەك هەر بۆ هەرێم دڵخۆشكەرە، بەڵكوو توركیایش سوودێكی زۆری لێ دەبینێت. تەنیا ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕە جیهانییەكان، توركیایە.
زیادكردنی بەرهەمهێنان نەك هەر لە كوردستان، بەڵكوو لە شوێنەكانی دیكەی عێراقیش دەبێت و ئەمەیش بە گوتەی هەورامی بەو مانایەیە كە عێراق پێویستی بە هێڵیكی گواستنەوە هەیە كە توانای گواستنەوەی 6 تا 7 ملیۆن بەرمیلی هەبێت.
ئەوەی پێوەندیی بە هەرێمەوە هەیە، پلانی بۆ داڕێژراوە و وەك وەزیری سامانە سرووشتییەكان ڕایدەگەیەنێت، بۆڕییەكی گواستنەوەی نەوت لە نێوەڕاستی ساڵی 2014ـدا تەواو دەبێت كە توانای گواستنەوەی ڕۆژانە یەك ملیۆن بەرمیلی بە توركیادا دەبێت.
یەدەكی نەوتی هەرێم بە 45 ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت و غازەكەیشی بە 2.8 تا 5.7 تریلیۆن مەتر سێجا خەمڵێندراوە.
هەورامی ڕایدەگەیەنێت كە ئەوان بەنیازن 1 ملیۆن مەتر سێ جا گاز بۆ توركیا دابین بكەن و پاش پەرەپێدان بە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی غاز، هەوڵی هەناردەكردنی بۆ ئەورووپا بدەن كە ئەویش لە ڕێگەی توركیاوە دەبێت.
بە گوتەی هەورامی ساڵی داهاتوو توانای پاڵاوتنی هەرێم دووقات دەبێت. ئەو دەڵێت: “لە ساڵی داهاتوودا چیی دیكە پێویستیمان بە بەرهەمەكانی بەغدا نابێت.”
پاش ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری وزەدا واژۆ كرا، كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهان ڕژدترن لەسەر هاتن بۆ هەرێم.
گەورە كۆمپانیای ڕۆیاڵ شێل كە لە بواری نەوتدا كار دەكات، ئامادەیی خۆی بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستاندا دەربڕیوە.
هەندێ لەو گەورەكۆمپانیایانە پێشتر بڕیاری خۆیان داوە و ئێستا لە هەرێمدا كار دەكەن كە بریتین لە: “ئێسكۆن مۆبیل” و “جێڤرن”ی ئەمەریكایی. “تۆتاڵ”ی فەڕەنسی و “گازپرۆم”ی ڕووسی.
پاشخان:
13ـی ئەم مانگە بەرپرسەكانی وزەی هەرێم و بەغدا ڕێك كەوتن كە تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غازی عێراق پەسند دەكرێت و كێشەكان بە شێوەی یاسایی یەكلا دەبنەوە، بەغدا پارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمێنانی نەوت لە هەرێم بدات و لە بەرانبەردا هەرێم ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی زیاد بكات و نەیوەستێنێت.
ئەو ڕێككەوتنە ڕێگە بە كۆمپانیاكان دەدات كە بە پێی گرێبەستەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە.
بە پێی ڕێككەوتننامەكە حكوومەتی هەرێم بڕی ئەو نەوتەی بە نیازە لە ساڵی داهاتوو هەناردەی بكات، دیاری دەكات. هەروەها كرێی كۆمپانیاكانیش دەستنیشان دەكات تا لە بودجەدا جێگیر بكرێت.
ئەوان ڕێك كەوتن كە بڕی 17%ـی بەرهەمە پاڵاوتراوەكانی عێراق بە هەرێم بدرێت.
پاشگەزبوونەوە لە هەر خاڵێكی ڕێككەوتننامەكە، بە مانای هەڵوەشاندنەوەی كۆی خاڵەكانی دیكەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار