د. ڕەوەز خۆشناو: دەبێ ئەنجوومەنی دانوستان بۆ یەكخستنەوەی بەرەی كوردستانی بێت

پەرلەمانتاێكی هاوپەیمانیی كوردستانی، ڕایگەیاند كە دەبێت ئەنجوومەنی دانوستانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بۆ یەكسختنەوەی بەرەی كوردستانی بێت لە بەغدا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی د. ڕەوەز خۆشناو لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گوتی: گرنگە ئەو ئەنجوومەنە لە چوارچێوەی دەستەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا بێت و نابێ لە دەرەوەی ئەو دەستەڵاتانەدا بێت.
گوتیشی: ئەگەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانوستان لە پێناو یەكخستنەوەی بەرەی كوردی و كوردستانی بێت لە بەغدا، ئەوا دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە شتێكی گرنگ و پێویست و جێگەی دەستخۆشییشە.
لەگەڵ ئەوەیشدا ڕوونی كردەوە كە دەبێت ئەنجوومەنەكە دەستگەیەك بێت لە چوارچێوەی ئەرك و دەستەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێم.
د. ڕەوەز هەروەها ئاماژەی دا كە گرنگە دەستەڵاتەكانی ئەو ئەنجوومەنە و مەرجەعییەتی و ئەو شوێنەی دەستەڵاتی لێ وەردەگرێت، ڕوون بێت.
گوتیشی: دواجار پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم بڕیار دەدەن ئەو ئەنجوومەنە سەر بە چ دەستەڵاتێك بێت، بەڵام باش نییە لە دەرەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكانەوە بێت.
ئەو هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە دەبێ ڕوون بێت ئەو ئەنجوومەنەی دادەمەزرێت، لە كوێی كێشەكان و دۆسییەكانەوە بێت، چونكە هەندێك دۆسیە و كێشەی هەرێم لەگەڵ بەغدا هونەری، بەشێكیان سیاسی، هەندێكی دیكەیشیان یاسایین.




