له 5 ساڵدا به‌غدا 6 ملیار دۆلاری پێشمه‌رگه‌ی خواردووه

به‌پێی گوته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئه‌گه‌ر له دوای ساڵی 2007ه‌وه 17%ی بودجه‌ی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ته‌رخان كرابوایه، پێویست بوو 6 ملیار دۆلار به‌هێزی پێشمه‌رگه بدرێت. بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەیش دەڵێت هیچ پێشڤه‌چوونێك له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پێشمه‌رگه له ئارادا نییه.
وه‌كو له بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقدا هاتووه حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ مینحه‌یه‌ك به وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌دات بۆ ته‌رخانكردنی مووچه و پێداویستییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌و پاره‌یه وه‌كو مینحه حیسابی بۆ ده‌كرێت تا ئه‌و كاته‌ی كه ژماره‌ی ته‌واوه‌تی هێزی پێشمه‌رگه رێكکه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێسته هیچ رێكکه‌وتنێك نه‌كراوه.
ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له لێدوانێكیدا به "باس نیوز"ـی راگه‌یاندووە تاوه‌كو ئێستا هیچ پێشڤه‌چوونێك له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پێشمه‌رگه له ئارادا نییه، گوتیشی "یه‌ك دینار له‌و 6 ملیار دۆلار قه‌رزه‌ی هه‌یه به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌دراوه ".
بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت، شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد و رێكکه‌وتن كرا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی كرێی ئه‌و كۆمپانیایانه. به‌ڵام بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ "هیچ رێكکه‌وتنێكی تازه له‌سه‌ر بودجه‌ی پێشمه‌رگه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نییه و ته‌وه‌قوعیش ناكه‌م شتێكی تازه هه‌بێت".




