پڕۆژەیاسای ژێرخان جێگەی پەسەندی هیچ لایەنێك نییە

گوتەبێژی ئیئتیلافی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق موئەیەد تەییب بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاندووە كە پڕۆژەیاسای ژێرخان كە سەرۆكوەزیرانی عێراق هێنایە پەرلەمان، كەموكوڕیی زۆری تێدایە و هەموو لایەنەكانی دیكەی عێراق تێبینییان لەسەری هەیە.
ئەوەیشی روون كردەوە كە ئەوان وەكوو ئیئتیلافی فڕاكسیۆنە كوردستانیەكان تێبینیی خۆیان داوەتە حكوومەتی هەرێم و ئەوانیش چەندین تێبینیی دیكەیان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە هەبووە، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاریی تێدا نەكرێت و بەو شێوەیە بێت، ئەوا ئەوان دەنگی لەسەر نادەن، وەك چۆن زۆربەی كوتلەكانی دیكەی پەرلەمان دەنگی بۆ نادەن.
بە گوتەی تەییب ئەو پڕۆژەیەیش وەكوو زۆربەی پڕۆژەكانی دیكە دەبێت بە شێوەیەكی تەوافوقی لە پەرلەمان دەردەچێت و پێویستە هاودەنگیی هەموو لایەنەكانی دیكەی لەسەر بێت.




