٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فوئاد مه‌عسوم: بارزانی سوور بووه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌پۆسته‌كه‌یدا

سەرچاوە: Radio Nawa

سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی‌ نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای‌ له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ كرد ده‌ستبه‌رداری پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بێت بۆ ئه‌یاد عه‌لاوی ، كورد به‌یه‌ك هه‌ڵوێست ئه‌و داوایه‌ی ئه‌مریكای‌ ره‌تكرده‌وه‌.

فوئاد مه‌عسوم یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقلئه‌وسه‌ت كه‌ ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 24ی ئه‌یلول بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌ساڵی‌ 2010و پێش پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عیراقی  باراك ئۆبامای‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌تایبه‌تی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ و مه‌سعود بارزانی كردووه‌ كه‌ سازش له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن بۆ ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی ئیئتلافی عیراقیه‌، ئه‌ویش وه‌كو هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان.

مه‌عسوم وتیشی، ئه‌و پێشنیارو داواكاریه‌ی‌ باراك ئۆبامای‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆماریشه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌گۆره‌پانی سیاسی عیراقیدا ره‌تده‌كرایه‌وه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی كوردستان دووپاتیشی كرده‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی‌ باراك ئۆباما كورد یه‌ك هه‌ڵوێست بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت ته‌نها جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆمار بێت و به‌نیسبه‌ت كوتله‌ عیراقیه‌كانیشه‌وه‌ هاوسه‌نگی ناو هێزه‌ سیاسیه‌كان رێگه‌ی‌ به‌و هه‌نگاوه‌ نه‌ده‌دا كه‌ سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ردووكیان له‌پێكهاته‌ی‌ شیعه‌ بن و دوو سه‌ركرده‌ی‌ ئیئتلافی عیراقیه‌ش كه‌ سوننه‌ن و ناوی نه‌هێناون ئه‌و پێشنیاره‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

فوئاد مه‌عسوم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌، هه‌ڵوێستی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌و بابه‌ته‌دا به‌هێز بووه‌و رێگه‌ی‌ نه‌داوه‌ مافه‌كانی‌ كورد بفه‌وتێن و سوور بووه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك  كۆمار.

هەواڵی پەیوەندیدار