رەشنووسی پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن ئامادە كراوه

رێكخەری كاروباری نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، رەشنووسی پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كۆتایی پێ هاتووە و رۆژی دووشەم دەخرێتە بەردەم سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
سەعد خالید رێكخەری كاروباری نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاكانیوزی راگەیاندووه، ئێستا رەشنووسی پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دانووستان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لێژنە تایبەتەكەوە ئامادە كراوە و بڕیار وایە رۆژی دووشەمی داهاتوو لەلایەن فەرمانگەی یاسایی و نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن دوا بڕیاری لەسەر بدرێت و پێشكێشی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم بكرێت بۆ پەسندكردنی.
روونی كردەوە، رەشنووسەكە بەشێوەیەك ئامادە كراوە بەوەی كۆدەنگییەكی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر دروست ببێت و هەوڵیش دراوە هاوسەنگییەك لەگەڵ پرۆژەكانی تری هاوشێوە هەبێت.
ئەوەشی خستەروو، بەپێی ئەو رەشنووسەی ئامادە كراوە مەرجەعی ئەنجوومەنی دانوستاندن پەرلەمانی كوردستان دەبێت. ناوبراو هیچ وردەكاریی تری لەبارەی رەشنووسەكە ئاشكرا نەكرد.




