وەزارەتی کار بەپێی بەندەكانی سیستمی سۆشیال، مووچە و هاوکارییەکانی ڕێک دەخاتەوە

وەها بڕیارە سیستمی سۆشیال لە هەرێمی كوردستاندا پێڕۆ بكرێت و بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكەیش لە ئێستادا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەستی كردووە بە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو مووچە و هاوكاریانەی مانگانە دابەش دەكرێـن و رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی سیستمی داتا بەیس و بەندەكانی سیستمی سۆشیالدا.
لە كارنامەی پەسەندكراوی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاركردن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی سیستمی سۆشیال لە كوردستان لە ئەولەویاتی كارەكانی ئەم وەزارەتەدا بووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتەكەدا هاتووە: "دوای ئەوەی لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بە كۆی دەنگ كارنامەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پەسەند كرد. بەپێی خاڵێكی كارنامەكە جێبەجێكردنی پرۆژەی سیستمی سۆشیال لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی كارەوە كاری بۆ دەكرێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی."
كارنامەی پەسەندكراوی وەزارەتی كار چەندین خاڵی لەخۆ گرتووە یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو كارنامەیە بریتییە لە: "كاركردن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی (سیستمی سۆشیال) لە هەرێمی كوردستان بەو شێوازەی سەرجەم ئەو مووچە و هاوكاریانەی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ چین و توێژەكانی كۆمەڵگا خەرج دەكرێت، لە چوارچێوەی سیستمی سۆشیال جێبەجێ بكرێت و یەك بخرێـت. بە شێوەیەك لەگەڵ یاسا و رێساكانی كوردستان و سیستمی داراییدا بگونجێت."
هەر لە كارنامەكەدا ئەوەش هاتووە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە پێویستی بە زەوینە سازی هەیە لە بواری دانانی داتا بەیس بۆ كۆكردنەوە و یەكخستنی سەرجەم ئەو مووچانەی دابەش دەكرێن و جێبەجێكردنی بەندەكانی تری سیستمی سۆشیال بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان.
ڕاگەیەندراوەكە ڕوونی كردووەتەوە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە هەنگاوی یەكەمیدا سوود لە ئەزمون و شارەزایی چەند وڵاتێكی پێشكەوتوو وەردەگرێت كە ئەم سیستمەی تێدا پێڕۆ دەكرێت.
هاوكات زیاتر ڕوون كراوەتەوە كە وەك ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكەش لە ئێستادا وەزارەتی كار دەستی كردووە بە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو مووچە و هاوكاریانەی مانگانە دابەش دەكرێـن و رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی سیستمی داتا بەیس و بەندەكانی سیستمی سۆشیالدا، لە داهاتووشدا وردەكاریی زیاتر لە سەر ئەم پرۆژەیە و میكانیزمی جێبەجێكردنییەوە رادەگەیەنرێت.




