پلانه ئابوورییهکهی مالیکی عێراق قهرزدارتر دهکات

چەند ڕۆژێك پێش ئێستا، سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی چووە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باسی لە چەند پڕۆژەیەكی تایبەت بە بووژاندنەوەی ژێرخانی عێراق كرد. یەكێك لەو پڕۆژانەیش، بونیادنانەوەی عێراق بوو لە ڕێگەی بانگهێشتكردنی كۆمپانیا بیانییەكانەوە بۆ دروستكردنەوەی عێراق و پارەی ئەو بونیادنانەوەیش بە شێوەی قەرزی درێژخایەن بێت.
پڕۆژەكەی مالیكی خۆی لە دروستكردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانكۆ و پەیمانگەكان و گۆڕەپانەكان و شوێنە ڕۆشنبیرییەكان و چەندان پڕۆژەی دیكەدا دەبینێتەوە.
حكوومەتی عێراق لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی چینی و ژاپۆنی و كۆریدا سەبارەت بەو بابەتە قسەیان كردووە و لەگەڵ گەییشتنە ڕێككەوتنێك، ئەو كۆمپانیایانە دێنە عێراق و دەست بە كارەكانیان دەكەن، بەڵام ئەمە لە كاتێكدا دەكرێت كە ئەو پڕۆژەیەی مالیكی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند بكرێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق د. ئەحمەد حەسەن لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاماژەی دا كە ئەو پڕۆژەیە بڕی 36.5 ملیار دۆلاری بۆ قۆناغی یەكەم، 37 ملیار بۆ قۆناغی دووەم و هەروەها 40 ملیار دۆلاریشی بۆ قۆناغی سێیەم دەوێت.
د. ئەحمەد ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە بەشێك لەو بودجەیەی بۆ كاری سیادی دانراوە، كە قۆناغی یەكەم 13.5 ملیار دۆلار و قۆناغی دووەم 19.5 ملیار و قۆناغی سێیەم 14 ملیار دۆلار دەبێت، خۆی لە پڕۆژەی گواستنەوە و پڕۆژەی پارێزگاریی سنوورەكان و و دورستكردنی سەربازگەكاندا دەبینێتەوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو پارەیەی كە بڕیارە لە پڕۆژە ناسیادییەكاندا خەرج بكرێت، بۆ پڕۆژەی یەكەم 23 ملیار دۆلار و بۆ پڕۆژەی دووەم 25 ملیار دۆلارە و بۆ پڕۆژەی سێیەمیش 26 ملیار دۆلار دەبێت و هەرێمی كوردستانیش لەو بڕەپارەیە بۆ پڕۆژەی یەكەم 3.91 ملیار دۆلاری بەردەكەوێت و بۆ پڕۆژەی دووەمیش 4.16 ملیار دۆلار و بۆ پڕۆژەی سێیەمیش 4.2 ملیار دۆلارە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی لەو ڕێژەیەی كە لەو پڕۆژەیەدا بۆ كوردستان دابین دەكرێت، قەرزەكە بەپێی 17%ـەكەیە كە بۆ پڕۆژەی یەكەم 2.29 ملیار دۆلار دەبێت و بۆ پڕۆژەی دووەم 2.125 ملیار و بۆ پڕۆژەی سێیەمیش 2.3 ملیار دۆلار دەبێت، ئەمە جگە لەو زیادەیەی كە دێتە سەری.
بە گوتەی د. ئەحمەد ئەگەر ئەو قەرزە بۆ ماوەی 5 ساڵ بێت بە بێ ئەو زیادەیەی كە دێتە سەری، بۆ پڕۆژەی یەكەم كە 6.2.25 ملیار دۆلار و بۆ پڕۆژەی دووەم 6.2.9 ملیار و بۆ پڕۆژەی سێیەمیش 6.3 ملیار دۆلار دەبێت.
بەڵام ئەگەر ئەو زیادەخستنەسەرە بە ڕێژەی 2% و بۆ ماوەی 5 ساڵ بێت، ئەوا لە پڕۆژەی یەكەمدا 7.9 ملیار دۆلار و لە پڕۆژەی دووەمدا 8.0.28 ملیار و لە پڕۆژەی سێیەمیشدا 67. 8 ملیار دۆلار دەبێت.
گوتیشی كە ئەگەر ئەو فائیزە بە ڕێژەی 5% و بۆ ماوەی 5 ساڵ بێت، ئەوا لە پڕۆژەی یەكەمدا 9.81 ملیار دۆلار و لە پڕۆژەی دووەمدا 10.26 ملیار و لە پڕۆژەی سێیەمدا 11.8 ملیار دۆلار دەبێت.
لە كاتێكدا كە ئەو فائیزە 8% بوو و بۆ ماوەی 5 ساڵ بوو، ئەوا لە قۆناغی یەكەمدا 9.1.7 ملیار دۆلار و لە قۆناغی دووەمدا 9.2.2 ملیار و لە قۆناغی سێیەمیشدا 9.991 ملیار دۆلار دەبێت.
ڕوونیشی كردەوە كە لە كاتێكدا ئەو فائیزە 10% بوو و بۆ ماوەی 5 ساڵ، ئەوە لە قۆناغی یەكەمدا 13.3 ملیار دۆلار و لە قۆناغی دووەمدا 13.579 ملیار و لە قۆناغی سێیەمیشدا 13.8 ملیار دۆلار دەبێت.
د. ئەحمەد ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەو پڕۆژەیەی مالیكی پڕۆژەیەكی زۆر نائابوورییانەیە و لە هەمان كایشدا كەس نازانێت ئەو پڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن یان نا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئیئتیلافی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان ئازاد سرێشمەیی ئاماژەی دا كە هەرچەندە هەرێم پێویستی بەو پڕۆژانە هەیە، بەڵام ئەگەر زیادەی زۆری بێتە سەر، ئەوا ئەوان دەنگی لەسەر نادەن.




