سه‌رۆك وه‌زیران به جیا پێشوازى له باڵیۆزى هۆڵه‌ندا و كونسلى فه‌له‌ستین و ئوردن كرد

دواى نیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه 20ى ئه‌یلوولى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له هارى مۆلێنار باڵیۆزى نوێى هۆڵه‌ندا له عیراق كرد. كه به بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵیۆزى نوێى وڵاته‌كه‌ى له عیراق و ناساندنى به‌رپرسى نووسینگه‌ى باڵیۆزخانه‌ى هۆڵه‌ندا له هه‌ولێر، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى كرد.
له دیدارێكدا باڵیۆزى نوێى هۆڵه‌ندا له عیراق خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و تیشكى خسته سه‌ر كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر كه مانگى یازده‌ى داهاتوو به شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌ستبه‌كار ده‌بێت. باڵیۆزى هۆڵه‌ندا هه‌روه‌ها باسى له په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هۆڵه‌ندا كرد و هیواى خواست كه وڵاته‌كه‌ى به تایبه‌تى له بوارى بازرگانى و كشتوكاڵیدا په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان فراوانتر بكات. ڕاشیگه‌یاند كه هۆڵه‌ندا له داهاتوودا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كى ئارامتر له به‌شه‌كانى دیكه‌ى عیراق ده‌ستنیشان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان به تایبه‌تیش له بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵدا هان بدات تا ڕوو له هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه هۆله‌ندا ڕێككه‌وتنامه‌یه‌كى ستراتیژى له بوارى كشتوكاڵدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان مۆر ده‌كات و بانكى كشتو‌كاڵى له هه‌رێم ده‌كاته‌وه.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزبایى ده‌سته‌به‌كاربوونى له باڵیۆزى نوێى هۆڵه‌ندا له عیراق كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له كاره‌كانیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى به‌رپرسى نووسینگه‌ى باڵیۆزخانه‌ى هۆڵه‌نداى له هه‌ولێر كرد. سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێویستى به بووژانه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵه و بۆ ئه‌مه‌ش چاوى له هاوكاریى هۆڵه‌ندایه و حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ كارى كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان له‌م بواره‌دا ده‌كات. ڕه‌وشى سیاسیى ئێستاى عیراق، سووریا و ناوچه‌كه به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.
هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیران، پێشوازى له نزمى حزوورى، كونسلى گشتیى فه‌له‌ستین له هه‌رێمى كوردستان كرد. له دیدارێكدا په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌له‌ستین و چۆنیه‌تیى پێشخستنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان خرایه به‌ر باس. كونسلى فه‌له‌ستین خۆشحاڵى و سه‌رسامیى خۆى بۆ پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه گه‌لى فه‌له‌ستین سۆز و خۆشه‌ویستى بۆ گه‌لى كورد و كوردستان هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتى فه‌له‌ستینى به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.
كونسلى فه‌له‌ستین ئاماژه‌ى به یارییه‌كى تیمى فۆتبوولى كوردستان كرد كه له چوارچێوه‌ى یارییه‌كانى فیفادا له ڕامه‌ڵلا ئه‌نجامى دا و ئه‌مه‌ى به شانازییه‌ك بۆ فه‌له‌ستین له قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها باسى له سه‌ردانێكى چاوه‌ڕوانكراوى شاندێكى كولتووریى هه‌رێمى كوردستان بۆ فه‌له‌ستین كرد و په‌رۆشیى فه‌له‌ستینى بۆ بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا. سه‌رۆك وه‌زیران و كونسلى فه‌له‌ستین له كۆتایى دیداره‌كه‌یاندا ڕه‌وشى سیاسیى ناوچه‌كه و ڕه‌هه‌ند ولێكه‌وته‌كانى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، خسته به‌ر باس.
له لایه‌كى دیكه‌وه، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له فائز ئه‌لخوورى كونسلى گشتیى شانشینى ئوردن له هه‌رێمى كوردستان كرد. له دیدارێكدا كونسلى گشتیى ئوردن، خۆشحاڵیى خۆى به هه‌بوونى نوێنه‌رایه‌تیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و ڕایگه‌یاند كه له سه‌ر ڕێنماییه‌كانى شا عه‌بدوڵلا شاى ئوردن، چاویان له په‌یوه‌ندیى باشتر و هه‌مه‌لایه‌نتره له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌كانى وڵاته‌كه‌ى هه‌میشه داكۆكى له فراوانكردنى په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش چه‌ندین پرۆتۆكۆلى له‌یه‌كگه‌یشتن له نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئوردندا هه‌ن، له بوارى ته‌ندروستى و خوێندنى باڵا و گه‌یاندن و كشتوكاڵ و پیشه‌سازیشدا هه‌نگاوى باش چوونه‌ته پیشه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كونسلخانه‌ى ئوردنى چه‌ندین به‌شى جیاجیاى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران، تیشكى خسته سه‌ر گرنگیى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ شانشینى ئوردن و به تایبه‌تیش داكۆكى له هاوكاریى ئوردن له بوارى بنیاتنانى شاره پیشه‌سازییه‌كاندا كرده‌وه كه ئوردن له‌مباره‌یه‌وه شاره‌زایى و پسپۆڕییه‌كى باشى هه‌یه. ڕه‌وشى عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران دوایین ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غداى له‌باره‌ى پرسى نه‌وته‌وه به هه‌نگاوێك به ئاراسته‌ى ڕاستدا له قه‌ڵه‌م دا و ڕایگه‌یاند كه هه‌رێمى كوردستان به ڕێككه‌وتنه‌كه گه‌شبینه. ڕه‌وشى سووریا و هاتنى په‌نابه‌رانى سووریا بۆ هه‌رێمى كوردستان و ئوردن، به‌شێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیران و كونسلى گشتیى شانشینى ئوردن بوو.




