٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕۆژنامەكانی كەنداو بە گرنگییەوە باس لە پێشكەوتنی هەولێر دەكەن

سەرچاوە: Hewler

ڕۆژنامەكانی ئیمارات بە گرنگییەوە باس لە دەستپێكردنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان وڵاتەكەیان و هەرێمی كوردستان دەكەن.

ڕۆژنامەی گەڵف نیوزی ئیماراتی، لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت كە ئەمساڵ هێڵی ئاسمانیی ئیماراتی تەنیا 11 شاری خستووەتە ناو پڕۆگرامی گەشتەكانییەوە و لەگەڵیاندا دەستی بە گەشتكردن كردووە، یەكێك لەوانەیش هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

جێگری سەرۆكی گرووپی ئیمارات شێخ مەجید مولا لەو بارەیەوە دەڵێت: هەولێر شارێكی زۆر پێشكەوتووە، هاوشێوەی دوبەی. ژمارەیەكی زۆر وەبەرهێنەر لە جیهانەوە ڕوو لەم شارە دەكەن بۆ ئەوەی لە كەرتە جیاوازەكاندا كاری وەبەرهێنان بكەن، لەوانەیش كەرتی بیناسازی و كەرتی نەوت و غاز و كەرتی باشتركردنی بەرهەم و چەندین كەرتی دیكە.
شێخ مەجید گوتیشی كە هەولێر لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندویەتی یەكێكە لە شوێنە زۆر گرنگ و پێشكەوتووەكان و هەر بۆیەیش ئێستا كاتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئێمەیش بێینە ئەم بازاڕەوە و جارێكی دیكەیش ئیمارات ببێتە سەنتەرێكی گرنگی بازرگانیی جیهانی.

ڕۆژنامە ئیماراتییەكە، باس لە چەندین شوێنی شاری هەولێر دەكات بۆ ئەوەی بە خوێنەرانی خۆی بناسێنێت، بە تایبەتی ئەوانەی كە پلانیان هەیە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، لەوانەیش قەڵای هەولێر و پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و چەندین شوێنی دیكە.

ڕاوێژكاری پێشخستنی بازرگانیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەندرو جەونز بە گەڵف نیوزی ڕاگەیاندووە كە دەستپێكردنی ئەم گەشتانە، گرنگیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی هەیە.

ئەو هەروەها دەڵێت: هێڵی ئاسمانیی ئیمارات دەتوانێت ڕۆڵێكی یارمەتیدەر لە بەرزبوونەوەی ستانداردی فڕۆكەخانەكەی ئێمەیش بگێڕێت.
وەزیری بارزاگانیس حكوومەتی هەرێمی كوردستان سینان چەلەبییش، بە هەولێری گوت: كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان دوبەی _هەولێر كاریگەریی زۆری لەسەر بواری بازرگانیی هەرێم دەبێت.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، توانای لەخۆگرتنی 3 ملیۆن گەشتیاری هەیە و یەكێكە لە درێژترین فڕگەكانی جیهان، كە بۆ نیشتنەوەی فڕۆكەی Airbus A380 و فڕۆكەی بارهەڵگری لەو جۆرە دیزاین كراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار