داوا دەكرێت لە خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای ژنانی بێ سەرپەرشت پەلە بكرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لە خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای ژنانی بێسەرپەرشت و دیداری منداڵانی باوك و دایك جیابوەوە، پەلە بكرێت كە ماوەیەكە پێشكەش كراون.
بڕیاردەری لیژنەی بەگری لە مافی ئافرەت، سەمیرە عەبدوڵڵا، بە پەیامنێری راگەیاندووه: پڕۆژەی یاسای بینینی منداڵ لەلایەن دایك و باوكەوە كە لەیەك جیاببنەوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بەهۆی گرنگی پڕۆژەكە و دواكەوتنیهوه، داوامانكردوە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دابینكردنی كات بۆ خوێندنەوەی دوەم پەلەبكات تا گفتوگۆی كۆتایی لەسەر بكرێت و پەسند بكرێت.
گوتی: ئەو پڕۆژە یاسایە مافی بینینی منداڵ یان مانەوەی لای دایك یان باوكی دیاری دەكات كاتێك كە لەیەكتری جیابونەتەوە و هاوكات ئاماژه به ماف و رێنمایی یاساییدیکهی تایبەت بەو بوارەش دهکات و ئێستا راپۆرتی هەموو لیژنە پەیوەندارەكان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە تەواو كراوە.
بڕیاردەری لیژنەی بەگری لە مافی ئافرەت، ههروهها گوتی: یەكێكیدیکه لە پڕۆژەكان كە داوامانكردوە خوێندنەوەی دوەمی بۆ بكرێت، پڕۆژە یاسای هاوكاری ( ژنانی بێ سەرپەرشت، یان جیابوەوە، هاوسەر مردوو و كچانی قەیرە) یە، بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، هاوكاری مانگانەیان بۆ دەبڕدرێتەوە و بۆ ئەوەی بەهۆیەوە برەو بە بەهرەكانیان بدەین و بتوانن لە باشتربونی ژیانیان پشتی پێ ببەستن، قەرزی بچوكیان پێدەدرێت. سەرقاڵی ئەوەین كە هەندێ ئاسانكاری لە بڕگەكانی پڕۆژە یاساكە بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە، بۆ وەگرتنی قەرزی بچوك بكەین.




