٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

قەڵغانى پەرلەمانى عێراق پێشكێشى فەرەج حەیدەرى كرا

سەرچاوە: KDP.info

فەرەج حەیدەری سەرۆكى پێشووى كۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق، رایگەیاند: سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەران قەڵغانى پەرلەمانى عێراقى پێشكێش كرد بەهۆى كاركردنى بێ لایەنانەى لە كاربارەكانیدا.

فەرەج حەیدەرى بە ئاكانیوزی راگەیاندووه، ئەمڕۆ سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق قەڵغانى پەرلەمانى پێشكێش كردم بە هۆى بێ لایەنیم لە پرۆسەكانى هەڵبژاردنى عێراق و هەرێمدا.

ئەوەشى گوت، ئەو خەڵاتكردنەمان لە میانەى میوانداریكردنى ئەندامانى پێشووى كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى پێشوو، لەگەڵ ئەندامانى ئێستەى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراقدا هات، تێیدا ئوسامە نجێفى بە ئەندامانى نوێى كۆمسیۆنى گوت پێویستە ئێوەش وەك ئەندامانى پێشوو بن.

حەیدەرى باسى لەوەش كرد، سەرۆكى پەرلەمانى عێراق لە باسى سەرۆك و ئەندامانى پێشووى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكاندا ئاماژەى بەوە كرد، ئەو ئەندامانانەى پێشوو هەرچەندە لەلایەن پەرلەمان و دادگەكانى عێراقەوە لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا دەكرا، بەڵام هەر بەردەوام بوون لە كارى بێ لایەنانەى خۆیان، بە هیوام ئەندامانى نوێش بە هەمان هەناسە كار بكەن.

قەڵغان /درع/ى پەرلەمانى عێراق پێك دىَ لە دیارییەك كە لۆگۆى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى لەسەر هاتووەتە هەڵكۆڵین، وەك رێزلێنان و بەرزنرخاندنى كارى كەسایەتى و دەزگەكان پێشكێشى دەكا.

پێشتر دادگەیەكى بەغدا سەرۆكى پێشووى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان و 2 ئەندامى ترى ئەو كۆمسیۆنەى بە سزاى گرتنی زیاتر لە ساڵێك حوكم دا لەگەڵ راوەستاندنى جێبەجێكردنى فەرمانەكە، ئەویش بە بیانووى بوونى گەندەڵى لە كاربارەكانى ئەو كۆمسیۆنەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار