سه‌رۆكى حكوومه‌ت سه‌ردانى ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستانى كرد

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 19ى ئه‌یلوولى 2012 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى مامۆستا محه‌مه‌د فه‌ره‌ج؛ ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له هه‌ولێر كرد.
له دیداراێکدا باس له دوا په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه‌كانى بارودۆخى هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و ناوچه‌كه كرا و جه‌خت له سه‌ر گرتنه‌به‌رى ڕێگه‌چاره‌ى ئاشتیانه‌ى دانوستان و گفتوگۆ و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور و یاسا هاوبه‌شه‌كان له چاره‌سه‌ریى كێشه و گرفته‌كانى نێوان هه‌ردوولادا كرایه‌وه. هه‌ردوولا له سه‌ر یه‌كڕیزى و یه‌كهه‌ڵوێستى له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسى و كێشه و گرفتانه‌ى ڕوو له هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، هاوڕا بوون.
سه‌رۆكى حكوومه‌ت و ئه‌میندارى گشتیى گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان هه‌روه‌ها داكۆكییان له سه‌ر پێویستیى ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌ى چاكسازیى هه‌مه‌لایه‌نه له هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه و باسیان له بایه‌خى ڕۆڵى ئۆپۆزسیۆن و به‌شدارى له پرسى چاكسازى و به‌رجه‌سته‌بوونى زیاترى دیموكراسى له سیسته‌مى سیاسیى حكومڕانیى هه‌رێمدا كرد.
ته‌وه‌ر‌ى سه‌ره‌كیى كۆبوونه‌وه‌كه ته‌رخان كرا بۆ گفتوگۆى ڕاشكاوانه و شه‌فاف ده‌رباره‌ى دوا هه‌نگاوى ڕێكاره‌كانى حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ریى ڕووداوه‌كانى ده‌ڤه‌رى بادینان و دۆسیه‌كانى تایبه‌ت به‌و ڕووداوانه به گوێره‌ى بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان، بڕیاریش درا كه لێژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى حكوومه‌ت و نوێنه‌رى یه‌كگرتوو بۆ كۆتایى هێنانى هه‌رچى زووترى ئه‌و دۆسیانه، كۆ ببێته‌وه.
یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له سه‌ر زمانى ئه‌میندارى گشتییه‌وه ئاماده‌یى یه‌كگرتووى بۆ نه‌هێشتنى گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى نێوان هێز و لایه‌نه‌كان و ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ربڕى كه ئه‌ركى ده‌سه‌ڵاته ده‌سپێشخه‌رى بۆ ئاساییكرنه‌وه‌ى دۆخه‌كه بكات. سه‌رۆك وه‌زیرانیش هه‌موو ئاماده‌یى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ گێڕانى ڕۆڵێكى ئه‌رێنى له پێناو ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان لایه‌نه‌كان و پاراستنى یه‌كڕێزى دووپات كرده‌وه.




