هەرێمی كوردستان دەبێتە جێی بایەخی وەبەرهێنەرانی ناوچەكە و جیهان

تەنیا 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ ئەو پارەیەی لە بواری وەبەرهێناندا لە هەرێمی كوردستان خەرج كراوە، زیاتر لەو ڕێژەیەیە كە لە ساڵی 2011ـدا خەرج كراوە و ئابووریناسێكیش ئاماژە بەوە دەدات كە پێویستە پلانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا باشتر بكرێت، بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قوناغە بە سەركەوتوویی ببڕێت.
بۆردی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد كە لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، بڕی 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستاندا كراوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە بووە جێی سەرنجی میدیاكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. سەنتەری “شیكاری ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ناسراو بە “ئێم ئی ئی دی” بڵاوی كردەوە كە ئەم زانیارییەی بۆردی ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە پێشان دەدات كە گەشەی ئابووریی بواری كەرتی تایبەت لەو هەرێمەدا پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، چونكە لە تەواوی ساڵی 2011ـدا ئەو بڕە 3 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بوو.
رۆژنامەی “حورییەت”ـی توركییش، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە چەند فاكتەرێك وایان كردووە كۆمپانیا بیانییەكان ئامادە بن بە لێشاو ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و پارەی خۆیان لەو هەرێمەدا خەرج بكەن، بەڵام دیارترینی ئەو فاكتەرانە گرێبەستی كۆمپانیا گەورە جیهانییەكانی بواری نەوتە، لەوانەیش “ئیكسۆن مۆبیل” و “چێڤرن”ـی ئەمەریكی و “تۆتاڵ”ـی فەڕەنسی و “گازپرۆم”ـی ڕووسی.




