سبەی، لەسۆران چەکی 20 ملیۆن دیناری بەسەر خێزانە گەڕاوەکاندا دابەش دەکرێت

- بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە، وەک قۆناغی یەکەم چەکی 20 ملیۆن دیناری بەسەر 82 خێزانی ئاوارەی گەڕاوەی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێراندا دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، عەباس ئەمیر، بە پەیامنێری ڕاگەیاندووە: "بڕیار وایە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کە سۆران و ڕەواندز و چۆمان و خەلیفان و سیدەکان دەگرێتەوە، بەیانغی چوارشەممە، چەکی 20 ملیۆن دیناری وەک قۆناغی یەکەم بەسەر ئاوارە گەڕاوەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا دابەش بکرێت و ئەو بڕەپارەیە پاش کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەو لە سەر بودجەی 2011ـیە".
عەباس ئەمیر گوتیشی، "لە سەر بودجەی 2012ـە کە ئەمساڵ 100 ملیاری بۆ تەرخان کراوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەزار و 100 خێزان ناویان هەیە و دیار نییە کەی ئەو بڕەپارەیە دابەش دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش ئێمە هەوڵ دەدەین پارچە زەوی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکەین."




