هەر كەسێك ئەسەد ڕادەست بكات 25 ملیۆن دۆلار خەڵات دەكرێت

سەرچاوەیەكى ڕاگەیاندنى توركى بڵاوى كردەوە، سوپاى سووریاى ئازاد بڕى 25 ملیۆن دۆلارى ئەمەریكى داناوە بۆ ئەو كەسەى بەشار ئەسەد سەركۆمارى سووریا بە زیندوویى یان مردووی ڕادەست دەكات.
ئەحمەد حیجازى فەرماندەیەكى سوپاى سووریاى ئازاد لە لێدوانێكدا بە ئاژانسى "ئەنادۆڵ"ى توركى ڕاگەیاند، بڕى ئەو پارەیەى وەك خەڵات تەرخان كراوە لەلایەن كارسازانى سووریایی لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات دابین دەكرێ كە بەشێوەیەكى بەردەوام پشتگیرى لە سوپاى سووریاى ئازاد دەكەن.
حیجازى كە یەكێكە لەو ئەفسەرانەى پێشتر لە سوپاى سووریا هەڵاتووە و ئێستە لە توركیا نیشتەجێیە ئاماژەى دا، بۆ ئەوەى ژیانى ئەو كەسانە نەكەوێتە مەترسییەوە ناوەكانیان ئاشكرا ناكەم.
زیاتر گوتى "بەمەبەستى هاندانى كەسە نێزیكەكانى دەوروبەرى ئەسەد ئەم خەڵاتەمان ڕاگەیاندووە. ئەوەى بتوانێ ئەسەد بە زیندوویى یا مردووى ڕادەست بكا مافى ئەوەى هەیە لە 25 ملیۆن دۆلار زیاترى پێ بدرێ، بەڵام تەنیا ئەم بڕەمان پێ كۆكراوەتەوە".
ماوەى 18 مانگە ئاڵۆزى و توندتیژى سووریاى گرتووەتەوە و تا ئێستە بەهۆیەوە بەپێى سەرچاوەكان زیاتر لە 20 هەزار كەس بوونەتە قوربانى و بە دەیان هەزار كەسیش ئاوارە بوونە.
رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان راى گەیاندووە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتیی سووریایی كە نیوە زیاتریان منداڵن، لە وڵاتەكەیان ئاوارە بوونە و بەپێى خەمڵاندنەكان 250 هەزار پەنابەر پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانى دراوسێ لەوانە ئوردن، لبنان، توركیا و عێراق.




