٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەرێم لە پڕۆژەیەكی 37 ملیار دۆلاری بێبەش دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

لە پڕۆژەیاسایەكدا كە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی عێراق ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە، هیچ پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە.

لەو پڕۆژەیاسایەدا كە لە 9 ماددە پێك هاتووە، 37 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، ڕێگەوبان، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند بوارێكی دیكە تەرخان كراوە، بەڵام پشكی هەرێم و وردەكاریی پڕۆژەكانی تێدا باس نەكراوە.

پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی بەغدا نەجیبە نەجیب دەڵیت: “لایەنە كوردییەكان بە بێ بوونی وردەكاریی پڕۆژەكان و دیاریكردنی پشكی هەرێم، دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە نادەن.”

نەجیبە نەجیب كە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشە، ئاشكرای دەكات كە پێرێ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و پلاندانان و هەموو ڕاوێژكارەكانی هێنابووە پەرلەمان تا ئەندامانی پەرلەمان ڕازی بكەن كە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەكە بدەن، بەڵام لەبەر ناڕەزایی لایەنە كوردییەكان و عێراقییە و سەدرییەكان، دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیە دوا خرا.

ئێستاكە لیژنەیەكی بچووكتر لە لیژنەكانی دارایی و خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە پێك هاتووە تا گرفتەكانی ئەو پڕۆژەیاسایە چارە بكەن.

لە پڕۆژیاسایەكەدا هاتووە كە وەزارەتەكان و كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان پڕۆژەكان جێبەجێ دەكەن، بەڵام نە پڕۆژە و نە میكانیزمی جێبەجێكردنیان دیار نییە.

نەجیبە نەجیب نیگەرانیی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە ئەگەر پڕۆژەیاساكە تەواو ڕوون نەبێت، پاشان ئەنجوومەنی وەزیران بە كەیفی خۆی پارەكە دابەش بكات و پشكی هەرێمی تێدا نەبێت.
پڕۆژەیاساكە ماوەی ساڵێكە لە لایەن حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە و تا ئێستا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی لە پەرلەماندا بۆ كراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.

ئەمە یەكەم جار نییە كە پڕۆژەیەك بێتە پەرلەمان و پشكی هەرێمی تێدا نەبێت. زۆر جار لایەنە كوردییەكان ئەوەندەی خەریكی داواكاریی پشكی هەرێم دەبن، ئەوەندە لە پێویستیی پڕۆژەیاساكان ناپێچنەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار