%93,6ـی ڕاپرسییەكی ئەلجەزیرە: نووری مالیكی دیكتاتۆرە

كەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرە ڕاپرسییەكی كردووە و تییدا 93,6%ـی بەشداربووان بڕوایان وایە كە سیستەمی حوکمڕانەتیی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، نووری مالیكی، دیكتاتۆرییە.
بەپێی ڕاپرسییەكە كە لە 13ـی تاكو 20ـی ئەم مانگە دەتوانرێت وەڵامی ئەو پرسیارە دبرێتەوە كە دەڵێت: پێت وایە سیستەمی حوكمڕانەتیی نووری مالیكی دیكتاتۆرییە؟ تا ئێستا 20486 دەنگدەر بەشدارییان تێیدا كردووە و لەو ڕێژەیەیش 19168ـیان كە دەكاتە 93,6%ـی بەشداربووان، لەسەر ئەو بڕوایەن كە دیكتاتۆرە و بە بەڵێ دەنگیان داوە.
هاوكات 1318 دەنگدەریش لە كۆی زیاتر لەو 20 هەزار بەشداربووە، كە دەكاتە 6,4% بە نەخێر دەنگیان داوە. بەپێی ئەو هەواڵەی كە ماڵپەڕی ئەلجەزیرەی عەرەبی بڵاوی كردووەتەوە ڕاپرسییەكە تا پێنجشەممەیش بەردەوام دەبێت.
هەندێكی سەركردە سیاسییەكان و ناوەندە جەماوەرییەكان پێیان وایە كە لە ماوەی ساڵانی حوكمڕانەتییدا و لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نووری مالیكی هەنگاوی بە ئاراستەی تاكڕۆیی و دیكتاتۆریدا و لە بڕیارە چارەنووسسازەكاندا مەبدەئی شەراكەتی وەلا ناوە.




