داوا دەكرێت پرسی سووریا ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەكان بكرێت

لێكۆڵەرەوانی لیژنەی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایان كرد، كە لیستێك لە ناوی ئەو بەرپرسە دیپلۆماسی و سەربازییانەی سووریایان ئامادە كردووە كە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبارن و وا پێویست دەكات دادگایی بكرێن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، كە لێكۆڵەرەوانی ئەو لیژنەیە ناوی ئەو بەرپرسانەی سووریایان كۆ كردووەتەوە، كە لە ماوەی 16 مانگی ڕابردوودا تاوانی دژە جەنگیان لە سووریادا ئەنجام داوە.
رۆیتەرز ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ئەو لێكۆڵەرەوانە ژمارەیەكی زۆر بەڵگەیشیان لە سەر ئەو كەسانە كۆ كردووەتەوە و داوایش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەن، بۆ ئەوەی كەیسی سووریا ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەكان بكەن تاكو دادووەرانی ئەو دادگایەیش ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن.
بەرپرسی ئەو لیژنەیە پاوڵۆ پینهیرۆ بە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی ڕاگەیاند “پێشێلكاری لە بواری مافەكانی مرۆڤدا لە سووریا زۆر بووە. پێویستە لێكۆڵینەوەیش لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت، كە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن”. لە لایەكی دیكەوە فەرماندەی گشتیی سوپای ئەمەریكا ژەنەراڵ (مارتین دێمپسی) لەگەڵ بەرپرسانی سوپای توركیا كۆ بووەوە.
رۆژنامەی “حوریەت”ـی توركی بڵاوی كردەوە، كە دوێنێ (دێمپسی) لەگەڵ هاوشانە توركیەكەی كۆ بوەتەوە و پێكەوە دەربارەی تەنگژەی سووریا قسەیان كردووە.




