رۆژ نووری شاوێس: لێژنەی نەوت و غاز لە نێوان بەغدا و هەرێم پێك هات

جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، لێژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هاتە پێكهێنان، بە مەبەستی چارەسەركردنی هەر كێشە و گرفتێك كە لەبواری نەوتدا سەر هەڵبدا تا ئەوكاتەی یاسای نەوت و غاز دێتە پەسندكردن.
رۆژ نووری شاوێس بە ئاكانیوزی راگەیاندووە، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری نەوت كاریگەریی باشی دەبێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تریش.
هەروەها گوتی، پاش ئەوەی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم لە بواری نەوت رێك كەوتن بە پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێمی كوردستان و زیادكردنی رێژەی نەوتی هەناردە لە هەرێمەوە بۆ دەرەوە، هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم لێژنەیەكی هاوبەشیان پێك هێنا.
روونی كردەوە، ئەو لێژنە هاوبەشە لەلایەن هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە سەرۆكایەتیی دەكرێ بۆ چارەسەری هەر كێشەیەك ئەگەر لە نێوان هەولێر و بەغدا بێتە ئاراوە تا ئەوكاتەی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پەسند دەكرێ.
"پێكهێنانی ئەو لێژنەیە دەبێتە هەنگاوێك بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ناوەند و هەرێم لە بواری نەوت ئیمزا كراوە" شاوێس گوتی.
دوای گرژییەكی زۆر لە نێوان هەولێر و بەغدا لەمساڵ 2012دا، ئێستە هێوربوونەوە لە دۆخەكەدا دەبینرێ، بەڵام هێشتا بودجەی پێشمەرگە، پرسی فیدراڵی و مادەی 140 لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەردوولان.




