هاوپەیمانیی كوردستان لە ماوەى 10 رۆژدا راى خۆى لەبارەى پڕۆژەیاساى ژێرخان ئاشكرا دەكات

لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، ئەوان لێژنەیەكیان لە شارەزایانی ئابووری پێك هێناوە بۆ تاوتوێكردنى پڕۆژەیاساى ژێرخان و لێژنەكەش لەماوەى 10 رۆژدا راپۆرتى خۆی پێشكێش دەكا.
موحسین سەعدوون، جێگری سەرۆكى فراكسیۆنى هاوپەیمانیی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا گوتى، بارستەكەیان بڕیارى داوە لێژنەیەك لە شارەزایانى ئابووری پێك بێنێ بۆ تاوتوێكردنى پڕۆژەیاساى ژێرخان.
پتر گوتى، ئەو لێژنەیە پێشنیازەكانى خۆی لە ماوەى حەوتووەك تا 10 رۆژی تر پێشكێش دەكا بۆ ئەوەى كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەى پڕۆژەیاساكە ئاشكرا بكا.
شەمووى رابردوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق وردەكارى ئەو پڕۆژەیاسایەی خستە روو و ئاماژەى كرد كە زۆرینەى رەخنەكانى ئەندامانى پەرلەمان مۆركێكی تەكنیكییان پێوە بووە نەك سیاسی و هیواى خواست كە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێ.
بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە كۆمەڵێك كۆمپانیاى بیانى چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری تایبەت بەژێرخان بەپاتى 37 ملیار دۆلار بەشێوەى قەرزی دواخراو لە عێراق جێبەجێ دەكەن، هەریەك لە بارستەى هاووڵاتیی ئەنجوومەنى باڵا و لیستی عێراقییە پڕۆژەیاساكە رەت دەكەنەوە، تەنیا دەوڵەتی یاسا پشتیوانى لی دەكا.




