بیمەی بێكاری بە رێنماییی نوێ دەبێ و دەكەوێتە دوای راگەیاندنی ناوی دامەزراوانەوە

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم ئاشكرای كرد، بڕیارە بەم نزیكانە رێنماییی نوێ بۆ پێدانی بیمەی بێكاری بە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەربكرێت. وەزارەتی دارایییش دەڵێت پێدانی بیمەی بێكاری دەكەوێتە دوای راگەیاندنی ناوی دامەزراوانەوە.
گوتەبێژی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم، هەرێم عەباس ئەكرەم، بە پەیامنێری راگەیاندووە، بۆ پێدانی بیمەی بێكاری بە بێكاران، واتا ئەوانەی لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەرچوون و دانامەزرێن، رێنماییی نوێ دەردەكرێت.
گوتیشی، "بەرنامە هەیە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لیژنەیەك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی داریی هەرێم پێكبهێندرێت و رێنمایی و وردەكارییەكان ئامادە بكات و دوای ئەوە رایاندەگەیەنین."
هاوكات گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، دلێر تاریق، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، "هەرچەند رێنماییش دەربكرێت، بەڵام پێدانی بیمەی بێكاری دەكەوێتە دوای راگەیاندنی ناوی دامەزراوانەوە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند كەس دەرچوون و چەندی ماونەتەوە كە دانەمەزراون و كاریان نییە."
ساڵی رابردوو بڕیاری پێدانی بیمەی بێكاری بە دەرچووانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكان درا كە تێیدا زیاتر لە 31 هەزار دەرچوو، لێی سوودمەند بوون.




