ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق كۆمسیۆن و ژێرخان و كەرەنتینەی كشتوكاڵی دەخاتە دەنگدانەوە

ئەمڕۆ دووشەم سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، پەرلەمانى عێراق لە 23مین دانیشتنى خۆیدا دەنگ لەسەر 4 پڕۆژەیاسا دەدا، كە گرینگترینیان ئەندامانى كۆمسیۆن و ژێرخان و كەرەنتینەى كشتوكاڵییە و هەروەها تاوتوێی دۆخى تەندروستیی وڵات دەكا.
سەعید رەسوول خۆشناو بە ئاكانیوزى راگەیاندووە، كارنامەى ئەمڕۆی پەرلەمان كۆمەڵێك پڕۆژەیاساى گرینگی تێدایە كە دەخرێنە دەنگدان بەو مەرجەی كە كۆدەنگى بارستەكانى لەسەر بێ، بەڵام شیمانەى هەیە دەنگ لەسەر هەندێكیان نەدرێ.
خۆشناو گوتى، كارنامەكە برێتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكانى، دانانى ئەندامانى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان، پڕۆژەیاساى ژێرخان كە هەرچەند شیمانەى هەیە لە كارنامەی ئەمڕۆدا دەنگى لەسەر نەدرێ، پڕۆژەیاساى كەرەنتینەى (حجر) كشتوكاڵی و پڕۆژەیاساى ئیمزاى ئەلیكترۆنى و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان.
گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى یەكەم و دووەم بۆ 6 پڕۆژەیاسا دەكرێ و تاوتوێی هەمواركردنى دووەمى یاساى پارێزگەكانى دەرەوەى هەرێم دەكا لەگەڵ دۆخی دامەزراوە تەندروستییەكان.
"خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى دەستەى راگەیاندنى عێراق و پڕۆژەیاساى ئەنجوومەنى فیدراڵی" خۆشناو گوتى.
پتر گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى یەكەم بۆ 4 پڕۆژەیاساى دەكرێ كە برێتین لە 4 رێككەوتننامە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا لە بوارە جیاكان.




