رەوتی سەدر: بوونی هێز لە ناوچە كێشەدارەكان پێویستی بە هاوئاهەنگیی هەرێمە

پەرلەمانتارێكی سەر بەلیستی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: دروستكردنی سەركردایەتیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە مشتومڕی دەستووری و نادەستووری لەسەرە و ئاماژەی كرد، هەر جموجۆڵێكی سەربازیی عێراق لە دیالە یان كەركووك پێویستی بە هاوئاهەنگی هەیە لەگەڵ هەرێمدا.
جەواد حەسناوی پەرلەمانتاری سەر بەلیستی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئاكانیوزی راگەیاندووە، پێویستە هاوئاهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا بەتایبەتی لەبارەی ناوچە كێشەدارەكان هەبێ و دەبێ هەر جموجۆڵێكی سەربازیی لە دیالە و كەركووك بە هاوئاهەنگیی هەرێم بێ و دەشبێ سەركردایەتیی هێزەكان هاوبەش بن.
گوتیشی، ئەگەر هەیە چوونی هێز لە بەغداوە بۆ ئەو ناوچانە بەبێ ئاگەداری حكوومەتی هەرێم ببێتە مایەی تێكچوونی دۆخەكە و پرسەكەش نادەستوورییە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوولا، تا ئەگەر مەبەست لە جولاندنی ئەو هێزانە لێدانی تیرۆریش بێ.




