٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەغدا 900 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات

سەرچاوە: KDP.info

دوای سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەولێر و بەغدا لەسەر هەندێک لە خاڵە کێشەلەسەرەکانی نەوت رێککەوتن و بڕیارە بەغدا 900 ملیۆن دۆلاری پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان بداتە هەرێمی کوردستانە.

پێنج شەممەی هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان به سەرپەرشتی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەژێر چاودێری د. رۆژ نوری شاوەیس، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە و تێیدا لەسەر هەندێک لە خاڵ رێککەوتن.

د. قاسم محەممەد، بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت به ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە به رووداوی راگەیاندووە "لەو کۆبوونەوەیەدا گەیشتنە رێککەوتننامەیەک کە بەگوێرەی ئەو رێککەوتننامەیە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق نزیکەی 1 میلیارد دۆلار دەدات بەو کۆمپانیایانەی لە کەرت نەوتی کوردستاندا کار دەکەن و لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 140 تا 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات".

د. قاسم محەممەد راشیگەیاند "هەروەها بەغدا پابەند دەبێت به پێدانی بەشە سووتەمەنی هەرێمی کوردستان کە ماوەیەکە بڕیویەتی".

ئەو رێککەوتننامەیە پێویستە بخرێتە بەردەم هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و دوای پەسەندکردنی لە لایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق گەشبینی خۆی بە پەسەندکردنی ئەو رێککەوتننامەیە نیشاندا و گوتی "ئەو رێکەوتنە خزمەت به بەرژەوەندی گشتی عێراق دەکات و دەتوانێت گژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کەم بکاتەوە کە بەدوای هاتنی سوپای عێراق بۆ رەبیعە و دامەزراندنی فەرماندەیی پڕۆسە سەربازییەکانی دیجلە پەرەی سەندبوو. هەروەها دەتوانێت دەستپێکێک بێت بۆ کۆتایی هاتن به گرژی و بێ متمانەیی لەنێوان هەر دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق".

د. قاسم محەممەد راشیگەیاند "ئەو رێککەوتننامەیە دەتوانێت وەک دانپێدانانێک بێت بۆ ئەو گرێبەستە نەوتییانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان واژۆی کردووە بەو پێیەی کە بەغدا پارەی ئەو کۆمپانیایانە دەدات کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گرێبەستیان مۆر کردووە".

وەزیری نەوتی عێراق واژۆی لەسەر ئەو رێککەوتننامەیە نەکردووە و رێککەوتننامەکە تەنها لە لایەن وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابووری عێراق واژۆ کراوە.

ئەو رێککەوتننامەیە دوای ئەوە دێت کە بەغدا بەردەوام گرێبەستە نەوتییەکانی کوردستانی به نایاسایی ناودەبرد و هەڕەشەی لە کۆمپانیا جیهانیەکان دەکرد کە ئەگەر لەگەڵ هەولێر گرێبەست مۆر بکەن بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە کوردستان، ئەوا دەخرێنە لیستی رەشەوە و مافی کارکردنیان لە عێراق پێنادرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار