بە فشاری ئەمریكا بەغدا كێشەكانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر دەكات

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فشاری خستۆتە سەر عیراق بۆ دەركردنی یاسای نەوتو غاز و چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لەبواری نەوتدا هەیەتی.
متەشەر سامەڕائی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عیراق، بە خەندانی رایگەیاندوه : لایەنە سیاسییەكان لە ئێستادا چەقیان بەستووە لەسەر دەركردنی یاسای نەوت و غازی عیراق، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك، بەڵام ناكرێت وڵات سامانی نەوتیی بەڕێوەببات بەبێ بوونی یاسایەك كە ئەو بەڕێوەبەردنە، رێكبخات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان، وتیشی:بەدووری نازانین كە ئیدارەی ئەمریكا فشاری خستبێتە سەر عیراق بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز، چونكە ناكۆكییەكان لەسەر نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێر بە خراپ بەسەر
وڵاتەكەدا دەشكێتەوە، ئەو ناكۆكییانەش كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دەبێت .
سامەڕائی، ئاشكراشیكرد كە، لیژنە پێكهێنراوەكە بۆ پرسی نەوت و وزە رۆژی سێشەممە 18ی ئەیلوول ی داهاتوو كۆبوونەوەی یەكەمی خۆیان ئەنجام دەدەن، كە بریتیە لە (سێ ئەندام لە لیژنەی نەوتو وزە كە نوێنەری هاوپەیمانی نیشتمانی، عیراقییە، هاوپەیمانی كوردستانی تێدا دەبێت، عەبدولكەریم لعێبی وەزیری نەوتی عیراق و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمیش ئەندامن تیایدا.
پەرلەمانتارەكەی عیراق ئەوەشی خسیتەڕوو، كە رەنگە ئاشتی هەورامی خۆی ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت، نەك نوێنەر بنێرێت، بۆچوونێكیش لە نێو پەرلەماندا هەیە بەوەی نوێنەری هەر پارێزگایەكی بەرهەمهێنی نەوت بەشداربێت لەو لیژنەیە.




