لیژنەیەكی پێنج كەسی بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و غاز پێك دەهێنرێت

به پێی دوایین ڕێککهوتنی نێوان ههرێم و بهغدا، حکوومهتی عێراق خهرجیی دواکهوتووی كۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەكانی هەرێمی كوردستان دهدات و 17%ـی نەوتی پاڵێوراو و 17%ـی سووتەمەنیی تایبەت بە وێستگە كارەباییەكانیش بە هەرێم دهدات و، هەرێمی كوردستانیش تا كۆتایی ئەمساڵ ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل هەناردە دەكاتەوە. ئەمە دوایین ڕێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و ناوەندە كە ڕەنگە سەرەتایەكی باش بێت بۆ كۆتاییهێنان بەو كێشەیە كە لە 2003ـوە سەری هەڵداوە.
حكوومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر
چی ڕێك كەوتن؟
پێنجشەممەی ڕابردوو لە كۆبوونەوەیەكدا لە نێوان نوێنەرانی حكوومەتی ناوەند و هەرێم لە نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق (د. ڕۆژ نوری شاوەیس) ڕێككەوتنێك لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بۆ دەرەوە لە لایەن هەرێمەوە ڕاگەیەنرا، بەمەیش كۆتایی بەو شەڕە ساردە دێت كە بووەتە هۆی ئەوەی لە نیسانی ڕابردووەوە تاوەكوو 15ـی ئابی ئەمساڵ هەرێم نەوت هەناردەی دەرەوە نەكات، جگە لە سەرهەڵدانی چەندین كێشەی دیكە.
بەپێ ڕێككەوتنەكە هەرێمی كورستان لەو ڕۆژانەی لەم مانگەدا دەمێنێت، ڕۆژانە بڕی 140 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دهکات، پاشان تا كۆتایی ئەمساڵ ڕۆژانە بڕی 200 هەزار بەرمیل ڕەوانەی دەرەوە دەكات. وەزارەتی دارایی عێراقیش بڕی 1 تریلیۆن دیناری عێراقی (833 ملیۆن دۆلار) بە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێم دەدات.
هەروەها لە ڕێككەوتننامەكەدا، ڕێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2013 بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراوی لەگەڵ پارەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێم دیاری بكات. خاڵێكی دیكەی ڕێككەوتننامەكە، ئەوەیە كە بڕی 17%ـی نەوتی پاڵێوراو لە عێراق بۆ هەرێم بێت، جگە لەوەیش 17%ـی ئەو سووتەمەنییەی دەدرێت بە وێستگە كارەباییەكانی سەر بە حكوومەتی نەوتی، بۆ حكوومەتی هەرێم بێت.
ئەمە و ڕێككەوتننامەكە لە لایەن وەزیری نەوت (عەبدولكەریم لوعێبی) و بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتیی سۆمۆ (فەلاح عامری) و نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم ئیمزا كراوە و چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی سێشەممە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بخرێتە دەنگدانەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق: "ڕێككەوتننامەكە گرنگە"
گەییشتن بە ڕێككەوتن لە نێوان هەردوو لایەندا، لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حكوومەتی عێراق ههڕهشهی دهکرد بڕی 3 ملیار دۆلاری لە بودجەی حكوومەتی هەرێم ببڕێت، پێشتریش بە هۆی ملنەدان بە بەسەربردنی بەڵێنەكان و نەدانی پارەی كۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەكان لە لایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە، حكوومەتی هەرێم سەرەتای نیسانی ڕابردوو ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی تا ماوەیەكی نادیار ڕاگرت.
هەروەها لە 17ـی ئابی ئەمساڵیشدا پاش 4 مانگ ڕاوەستان، هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە دەستی بە هەناردەكردنەوەی نەوت كردەوە و ڕایشیگەیاند كە وەكوو نیشاندانی نیازپاكی بۆ یەك مانگ نەوت هەرنادە دەكاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق (عاسم جیهاد) بە تەلەفۆن بە "هەولێر"ـی ڕاگەیاند: "هەفتەی داهاتوو ئەو ڕێككەوتنەی هەینی ڕاگەیەنرا و لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەندیی ئیمزا كرا، دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەگەر دەنگ بهێنێت دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە."
(جیهاد) ههروهها گوتی بەپێی ڕێككەوتننامەكە سەرجەم كردە نەوتییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان به ههماههنگی لهگهڵ حكوومەتی ناوەندی دەبێت و ڕوونیشی كردەوە: "ڕێككەوتننامەكە چەند خاڵێكی گرنگی تێدایە، لەوانە زیادكردنی هەناردەی هەرێم بۆ دەرەوە و ڕێككەوتن لەسەر چۆنێتیی ڕێككەوتن لە ساڵی داهاتوویشدا."
لیژنەیەكی پێنجقۆڵی بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەك بۆ نەوت و غاز پێك هێنراوە
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. بایەزید حەسەن) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" ڕێككەوتنەكەی بە" باش" وەسف كرد و گوتی: "گرنگتر چارەكردنی ئەو گرێكوێرانەیە كە دەبنە هۆی دووبارە و چەند بارەبوونەوە و قوڵبوونەوەی زیاتری ئەم كێشانە، گرنگ ڕێككەوتنێكی ڕیشەییە كە ئەویش بە پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز و بوونی یاسایەكی پتەو كە تەفسیری جۆراوجۆر هەڵنەگرێت زەمانەتی بنەبڕكردنی ئەم كێشانەیە."
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گوتیشی: "گرنگ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەیە."
(بایەزید حەسەن) لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە ئێستادا لیژنەیەكی پێنجقۆڵی لە وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم، نوێنەرێك لە هەریەك لە هاوپەیمانێتیی نیشتمانی و هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی عێراقییەیش پێك هێنراوە بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەكی نوێ بە پشتبەستن بە هەردوو پڕۆژەیاسای نەوت و غازی عێراقی ساڵی 2007 و پڕۆژەی ساڵی 2011ـیش. ڕایشیگەیاند: "هاوپەیمانیی كوردستانی و ئێمەیش كۆپیی پڕۆژەیاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ـمان پێ باشە و هاوپەیمانیی نیشتمانییش هیی ساڵی 2011، بۆیە دەبێت ئەوە یەكلا بكرێتەوە و عێراق ببێتە خاوەنی یاسایەك ئەو كێشانەی ئێستا هەن، نەهێڵێت."
"ڕێككەوتنەكە كلیلی چارەسەرە"
هەر بەپێی ڕێككەوتننەكە دوو لیژنە پێك دەهێنرێت، یەكێكیان نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم و ناوەندی تێیدا دەبێت بۆ بەدواداچوونی بڕی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو، پاڵێوراو، هەناردەكراو و حسابكردنی بڕی پارەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان لە هەرێم، لیژنەیەكی دیكەیش بۆ بەدواداچوونی خاڵەكانی ڕێككەوتننامەكە.
پسپۆڕی یاسایی (تاریق حەرب) دوایین ڕێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی هەرێم و ناوەندی بە پۆزەتیڤ وەسف كرد و گوتی: "كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو لایە، چونكە كێشەكانی تر لەم كێشەیەوە هەڵقوڵاون." لە بارەی كاریگەریی ئەو ڕێككەوتنەیشەوە (حەرب) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "هەولێر"هێمای بۆ ئەوە كرد: "باشترین شتە كرابێت، دەبێتە هۆی بووژانەوە لە بودجەی گشتیی دەوڵەت، دروستكردنی متمانە لە نێوان هەردوو حكوومەت، كەمكردنەوەی توندوتیژی و هەڕەشە و گوڕەشەكانی هەردوو لا لە یەكتر، هەروەها لە هەموویشی گرنگتر دەبێتە هۆی هێوركردنەوەی بارودۆخی ئەمنیی وڵات و كشانەوەی ئەو هێزانەی لە دژی یەكتر كۆ كرانەوە." (حەرب) گوتیشی: "دەبێت لەم هەڵە و كێشانەوە سیاسەتمەداران فێری ئەوە بن كە چیی دیكە نابێت عێراق بێ یاسای نەوت و غاز بێت."
پـــاشـــخـــان
*لە پاش ساڵی 2003ـوە، یەكەمین بیرە نەوت لە هەرێمی كوردستان لە لایەن كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژییەوە لە زاخۆ لێ دراوە.
* یەدەگی نەوتیی هەرێمی كوردستان بە 45 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت، یەدەگی غازیش دەگاتە 6 تریلیۆن مەتر سێجا.
* توانای هەناردەكردنی نەوتی ئێستای هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا و پێشبینی دەكرێت بۆ 2015 بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل.
* بە هۆی خراپ لێكدانەوەی دەستووری عێراق و نەبوونی یاسای نەوت و غاز لە پاش ساڵی 2003ـوە و بە تایبەت لەگەڵ زیادبوونی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم كێشەی نەوت، یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی هەرێم و ناوەند بووە.
* هەرێمی كوردستان پشت بە گرێبەستی بەرهەمهێنان دەبەستێت كە كۆمپانیا پشكی لە بەرهەم دەبێت 42 گرێبەستی ئیمزا كردووە، كۆمپانیاكانی شیڤرۆن، ئێكسۆن مۆبیل، تۆتال، دیارترینی ئەو كۆمپانیا بەناووبانگانەن كە لە هەرێمدا كار دەكەن.




