ئۆباما: ئەمەریكا لە دنیا ناكشێتەوە

باراك ئۆبامای سەرۆكى ئەمەریكا لە رێورەسمى پێشوازیی تەرمى باڵوێزى وڵاتەكەی لە لیبیا ئێوارەى دوێنێ هەینى رایگەیاند، هێز و دیپلۆماتكارانى ئەمەریكا لە دنیا ناكشێنەوە.
سەرۆكى ئەمەریكا و جۆ بایدنی جێگری و هیلاری كلینتۆن وەزیرى دەرەوە دوێنێ ئێوارە بەشدارییان لە رێورەسمى گەڕانەوەى تەرمى باڵوێزى ئەمەریكا كرد كە سێشەممەى رابردوو لە هێرشێكدا لە شاری بەنغازى كوژرا
ئۆباما لەو ڕێورەسمەدا لە بەردەم ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكایی لە بنكەى سەربازیی "جوینت بایز ئاندرۆز" لە میریلاند وتارێكی پێشكێش كرد و گوتى، بەهەوڵ و تێكۆشانى هاووڵاتییانی ئەمەریكا و ئێوە، ئەمەریكا رۆشنایی بۆ وڵاتانى دنیا بڵاو دەكاتەوە.
گوتیشى، سەرەڕاى ئەوەى ئێستا باس لە دەنگۆى گومان و نەمانى متمانە بە ئەمەریكا دەكرێت بەڵام هەرگیز ئەمەریكا لە دنیا ناكشێتەوە و لە پاراستنى مافی مرۆیی و سەروەری و ئازادی دەست هەڵناگرێت، هەرچەندە پەیڕە و بیروباوەڕیشمان جیاواز بێت.
ئاماژەى بەوەشكرد، هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنى گیانى دیپلۆماتكاران و ئەو ئەمەریكایییانەی كە لە دەرەوە خزمەت دەكەن و جەختی لەوەشكردەوە، وڵاتان بەرپرسیارن لە پاراستنى گیانى دیپلۆماتكارانى ئێمە.




