پرۆژیاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە 9 ئەندامەوە پەسند كرا

دوای ماراسۆنێكی درێژخایەن و چەند جار درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای كۆمسیۆنەكەی پەسند كرد كە 9 ئەندامی هەیە.
ژمارەی ئەندامانی ئەو كۆمسیۆنە، كێشەی سەرەكی بوو لە بەردەم پەسندكردنی ڕەشنووسی یاسای پێوەندیدار.
پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی لەگەڵ ئەوەدابوون كە ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن 15 كەس بێت و بەشەكەی دیكەیش لەگەڵ 9 ئەندام دابوون.
لومبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی كوردستانی شلێر عەزیز بە پەیامنێری راگەیاندووە: "دواجار دەنگ بە 9 ئەندامی كۆمسیۆن درا و پرۆژەیاساكەیش پەسند كرا."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە كاتی دەنگداندا هۆڵی كۆبوونەوەیان جێ هێشتووە.
بە پێی ڕێككەوتنەكان، 2 لەو 9 كەسەی ئەندامی كۆمسیۆن كوردن و سەرۆكی كۆمسیۆنەكەیش كوردە.
ئەگەر ژمارەی كوردسییەكان 15 ئەندام بووایە، ئەوە كورسییەكەی دیكەیش بەر كورد دەكەوێت كە ئۆپۆزسیۆن چاوی تێبڕیبوو. لە بەرانبەریشدا دوو كورسی دیكە بۆ دەوڵەتی یاسا دەبوو و ئەمەیش بووە جێگەی نیگەرانی لای بەشێك بە سەركردایەتی كورد بەوەی كە دەوڵەتی یاسا ئەمجارە دەست بەسەر ئەو كۆمسیۆنەدا دەگەرێت.
ئەگەر كۆمسیۆن 15 ئەندامی بوایە، ئەوا ڕێژەی كورد دەبووە 20%، بەڵام ئێستا كە 9 كورسی پەسەند كراوە، ڕێژەكە لە 23%ـیە.




