حکوومه‌ت به‌رنگاری گه‌نده‌ڵیی که‌رتی ده‌رمان ده‌بێته‌وه و هه‌نگاوه‌کانی توندوتۆڵ‌تر ده‌کاته‌وه

- به كرده‌وه هه‌نگاو ده‌نێین بۆ چاكسازیكردن و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی له كه‌رتی ده‌رماندا له كوردستان.
- ڕێگه به هیچ كۆمپانیا و كه‌سێك ناده‌ین ده‌رمانی خراپ و ماوه به‌سه‌رچوو به سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا ساخ بكاته‌وه.
- سوپاسی ده‌زگاكانی میدیا ده‌كه‌م كه به‌رده‌وام به‌دواداچوونیان له سه‌ر كێشه‌كانی ده‌رمانی خراپ كردووه.
- پاراستنی ته‌ندروستیی خه‌ڵكی ئێمه له قازانجكردنی نامه‌شرووعانه‌ی هه‌موو كه‌س و كۆمپانیایه‌ك گرنگتره.
- ده‌بێ کورد وه‌ک میلله‌تێکی ژینگه‌پارێز بناسرێت.
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12ى ئه‌یلوولى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له هه‌ولێر به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى مۆركردنى گرێبه‌ستێك له نێوان وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمپانیاى FDASى به‌ریتانى بۆ كوالیتى كۆنترۆڵى داوده‌رمان كرد.
له وته‌یه‌كدا نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به وه‌دا كه حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری داوه ڕێوشوێنی نوێ بگرێته به‌ر بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و قۆرخکاری له که‌رتی ته‌ندروستیدا. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که که‌رتی ده‌رمان و پێداویستییه پزیشکییه‌کان له‌مه‌ودوا ''چاودێرییه‌کی وردیان'' له سه‌ر ده‌بێت و ئه‌و ئامێرانه ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێن که بۆ پشکنین و کۆنترۆڵکردنی چۆنییه‌تیی ده‌رمان پێویستن. داكۆكیشى له‌وه كرده‌وه كه "له ڕێگه‌ی پسپۆڕی و ئه‌زموونی ئه‌و کۆمپانیایه‌وه، هه‌موو قۆناخه‌کانی هێنان و هه‌ڵگرتنی ده‌رمان تا ده‌گاته ده‌ستی نه‌خۆش، چاودێری ده‌كرێت و ڕێک ده‌خرێت".
سه‌رۆکی حکوومه‌ت که به ''هه‌نگاوی کرده‌یی'' باسی له‌و ڕێکاره تازه‌یه‌ی پشکنینی ده‌رمان له کوردستاندا ده‌کرد، ڕوونى كرده‌وه که کوردستان له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌بێته ''به‌شێكی چالاك له پرۆسه‌یه‌كی چاكسازی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بۆ به‌دیهێنانی حوكمڕانییه‌كی باش له بواری ده‌رمان، كه ئه‌مڕۆ بووه‌ته كێشه‌یه‌كی جیهانی.''
سه‌رۆک وه‌زیران هانی کاربه‌ده‌ست و پسپۆرانی حکوومی دا که هاوکار بن له پرۆسه‌ی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و گرێبه‌سته و ڕاسته‌وخۆ داواشی له به‌غدا کرد تا پشکنینی ده‌رمان له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقدا توندوتۆڵ‌تر بکات.
نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتی "حکوومه‌ت ڕێگه نادات هیچ که‌س و کۆمپانیایه‌ک ده‌رمانی خراپ و ماوه به‌سه‌رچوو به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا ساخ بكاته‌وه و ته‌ندروستی خه‌ڵكی ئێمه له قازانجكردنی نامه‌شروعانه‌ی هه‌موو كه‌س و كۆمپانیایه‌ك گرنگتره.''
سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌روه‌ها سوپاسیی خۆی بۆ میدیاکاران و خاڵه‌کانی پشکنینی سنووری نارد که به شێوه‌ی جیاواز کاریگه‌رییان هه‌بووه له سه‌ر هۆشیاری و ڕێگه‌گرتن له هاتنی ده‌رمانی خراب. نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها سوپاسی نارد بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونی وه‌زیری ته‌ندروستی و كارمه‌نده هاوكاره‌كانی و ئاسایش و پۆلیس و ئه‌وانه‌ی له بازگه‌كان هاوكاریی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییان كردووه.
هه‌روه‌ها باسی له ته‌ندروستیی خۆراکیی هه‌رێمی کوردستان کرد و گوتی "پشکنین و چاودێریی خۆراک چڕ ده‌کرێته‌وه" و داوای له هاووڵاتیان کرد به دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه بڕواننه ژینگه‌ی کوردستان.

ئه‌مه‌ش ده‌قى وته‌كه‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن به سه‌ر چاو، به‌خێرهاتنى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ڕۆژه‌ى كه هه‌موومان لێره كۆ بووینه‌ته‌وه بۆ ئیمزاكردنى گرێبه‌ستێك له لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى FDASى به‌ریتانى. به خێر بێن.
به‌خێرهاتنى نوێنه‌رى كۆمپانیا ده‌كه‌م كه لێره ته‌شریفى هێناوه، به‌خێرهاتنى نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانى له هه‌ولێر ده‌كه‌م، به تایبه‌تیش به‌خێرهاتنى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌م كه ئه‌وانیش ته‌شریفیان هاتووه و به ته‌ئكید بۆ ئه‌وانیش گرنگه بۆ به‌دواداچوونى ئه‌م گرێبه‌سته له ئاینده له هه‌رێمى كوردستاندا. به خێر بێن.
ئه‌و گرێبه‌سته بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كوالیتی كۆنترۆڵه بۆ ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه دێنه ناو هه‌رێمی كوردستان و بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی ده‌سته‌ی كوالیتی كۆنترۆڵی ده‌رمان له هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی ئه‌و ئامێرانه‌ی كه پێویستن بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌رمان و خولی راهێنان بۆ كارمه‌ندانى KMCA بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی یه‌ك تاوه‌كو دوو ساڵدا، ئه‌وان خۆیان بتوانن به ته‌نیا ئه‌و كاره به‌ڕێوه ببه‌ن.
به‌و هه‌نگاوه ده‌توانین بڵێین كه له‌مه‌ودوا هه‌موو ده‌رمانێك و پێداویستییه‌كی پزیشكی له گشت قۆناغه‌كانی كڕین و هێنان و هه‌ڵگرتن؛ چاودێرییه‌كی وردی له سه‌ر ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بین له‌وه‌ی كه ده‌رمانێكی باش بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان كڕدراوه و هێنراوه و به باشی هه‌ڵگیراوه تاوه‌كو ده‌گاته ده‌ستى نه‌خۆش.
به‌و شێوه‌یه به كرده‌وه هه‌نگاو ده‌نێین بۆ چاكسازیكردن و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی له كه‌رتی ده‌رمان له كوردستان، هه‌روه‌ها ده‌بینه به‌شێكی چالاك له پرۆسه‌یه‌كی چاكسازی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بۆ به‌دیهێنانی حوكمڕانییه‌كی باش له بواری ده‌رماندا كه ئه‌مڕۆ بووه‌ته كێشه‌یه‌كی جیهانی، چونكه به پێی ئامارێكی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، ساڵانه زیاتر له 4 ترلیۆن دۆلار له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا خه‌رج ده‌كرێت بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی و 75 ملیار دۆلار له لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانه‌وه خه‌رج ده‌كرێت بۆ كه‌رتی ده‌رمان، به‌ڵام به داخه‌وه نزیكه‌ی 25 له سه‌دی ئه‌و پاره‌یه گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كرێت. ئێمه ده‌مانه‌وێ به‌و هه‌نگاوه زیاتر به‌شدار بین له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌مان، به تایبه‌تی توركیا و ئوردن كه چالاكن له‌م بواره‌دا، بۆ نه‌هێشتنی بازاڕی ڕه‌ش و ده‌رمانی ساخته له‌م ناوچه‌یه‌دا.
هه‌رچه‌ند بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌رمانی خراپ و ساخته زۆر فراوان بووه له جیهاندا، به‌ڵام ئێمه سوورین له سه‌ر كاركردن بۆ نه‌هێشتن و ڕێگه‌لێگرتنی له وڵاته‌كه‌مان. ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌و بواره‌دا چاو له وڵاته چالاكه‌كان بكه‌ین له بواری به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ده‌رمانی ساخته، نه‌ك ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ستاوده‌ست ڕاوه‌ستاون له‌و بواره‌دا.
لێره‌دا سوپاسی هه‌موو كاربه‌ده‌ست و پسپۆڕانی حكوومه‌ت ده‌كه‌م كه به‌شدار بوون له پرۆسه‌ی دروستكردنی ئه‌و گرێبه‌سته‌دا، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێی كارێكی زۆر پرۆفیشنالانه له كۆمپانیای (FDAS) ده‌كه‌ین له وڵاته‌كه‌ماندا.
ئه‌وه‌ی كه جێی دڵخۆشی بوو له قسه‌كانیدا گوتی: ئێمه ده‌ستمان به كاره‌كانمان كردووه، من هیوادارم ئه‌وان بتوانن یارمه‌تی جددی ئێمه بده‌ن له‌م بواره‌دا.
هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه شاهیده كه له چه‌ند مانگی ڕابردوو هه‌ڵمه‌تێكی زۆر فراوان ده‌ستى پێ كراوه بۆ ڕێگه‌گرتن له هاتنی ده‌رمانی خراپ و ماوه به‌سه‌رچوو بۆ هه‌رێمی كوردستان.
به ڕاستی له‌و بواره‌دا هه‌وڵ و ماندووبوونی به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستی كاك دكتۆر ڕێكه‌وت ره‌شید و كارمه‌ند و هاوكارانی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیس و ئه‌وانه‌ی له بازگه‌كان هاوكاریی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییان كردووه، جێگه‌ی ڕێز و ده‌ستخۆشیی ئێمه‌یه. هیوادارین له‌مه‌ودواش به هه‌مان ئه‌و گه‌رمییه‌وه به‌رده‌وام بن. داواش له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین كه هه‌ماهه‌نگیى زیاترمان له‌گه‌ڵ بكات بۆ كۆنترۆڵكردنی بازگه‌كان و مه‌جالی نه‌هێنانی ده‌رمانی خراپ بۆ هه‌موو عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ك چۆن له كاتی راگه‌یاندنی كابینه‌ی حه‌وته‌م ڕامگه‌یاند، لێره‌ش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه ڕێگه به هیچ كۆمپانیا و كه‌سێك ناده‌ین له كوردستان ده‌رمانی خراپ و ماوه به‌سه‌رچوو به سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا ساخ بكاته‌وه و یاری به ژیانی خه‌ڵكی كوردستان بكات.
ده‌مه‌وێت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه ئه‌م كاره ده‌كه‌ن دڵنیا بكه‌مه‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر جددییه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له‌م كاره بگرێت و به ته‌ئكید ئه‌وانه‌ی به‌م كاره هه‌ڵده‌ستن به سزای خۆیان ده‌گه‌ن له هه‌رێمی كوردستان له ڕووی یاسایی و له دادگاكانى هه‌رێمى كوردستان.
حكوومه‌تی هه‌رێم كوردستان ستراتیجیه‌تی نوێ هه‌یه، من هیوادارم هه‌ر له ئێستاوه ئه‌وانه‌ی كه ده‌رمان دێنن بۆ كوردستان یاری به ته‌ندروستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌وه تێ بگه‌ن كه ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه ڕێگه‌یان لێ بگرێت و به ته‌ئكیدیش ڕێگه‌یان لێ ده‌گرێت وه به ته‌ئكیدیش ده‌یانداته دادگه وه به ته‌ئكیدیش له‌م بواره‌دا ئه‌و چاكسازیه‌ی كه پێویست بێت له كه‌رتى ده‌رماندا ده‌یكات بۆ سه‌لامه‌تیی هاووڵاتیانی كوردستان كه ئه‌وه‌یان ئه‌ركی سه‌رشانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
پاراستنی ته‌ندروستیی خه‌ڵكی ئێمه له قازانجكردنی نامه‌شرووعى ئه‌وان زۆر زۆر زیاتر گرنگتر. هه‌روه‌ها ده‌بێ هه‌موو وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان كه زۆر به وردی رێنمایی پێویست به سه‌ر كۆمپانیاكانی هێنانی ده‌رماندا جێبه‌جێ بكه‌ن به زووترین كات.
هه‌روه‌ها داوا له سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی كوردستان ده‌كه‌م كه ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن له بوونی ده‌رمانی خراپ و ده‌رمانخانه‌ی باش و كه‌سانی پسپۆڕ له ده‌رمانخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه به شێوه‌یه‌كی باش ده‌رمان هه‌ڵبگرن و بیده‌ن به نه‌خۆش. به‌داخه‌وه زۆر له ده‌رمانخانه‌كان له هه‌ڵگرتنی ده‌رمانه‌كان له پله‌ی گه‌رمیی پێویست و هه‌ڵگرتنیان دوور له تیشكی خۆر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی زۆر ده‌نوێنن، ئه‌وه‌ش هه‌مووی به خراپی له سه‌ر ته‌ندروستیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌شكێته‌وه. لێره‌دا داوا له خه‌ڵك ده‌كه‌م كه ئه‌وانیش ببنه به‌شێك له گوشاری حكوومه‌ت له سه‌ر ده‌رمانخانه‌كان، به ووردبوونه‌وه له بوارى ده‌رمانه‌كان و شێوه‌ی هه‌ڵگرتنیان له لایه‌ن ده‌رمانخانه‌كانه‌وه بڕوانن.
هه‌ر لێره‌وه سوپاسی ده‌زگاكانی میدیا ده‌كه‌م، كه به‌رده‌وام به‌دواداچوونیان هه‌یه له سه‌ر كێشه‌كانی ده‌رمانی خراپ له كوردستان، ئه‌وه هوشیارییه‌كی تاڕاده‌یه‌ك باشی دروست كردووه، هیوادارم له داهاتووشدا ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان له سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ی خۆیان به‌رده‌وام بن. هیوادارم به‌رده‌وام بن له ده‌رخستنی كه‌موكوڕییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی وشیاری له‌م بواره‌دا. زۆر گرنگه میدیا ڕۆڵی چاودێرانه‌ی خۆی له‌و بواره‌دا ببینێ و كاره‌كانی زۆر به گرنگ بزانێت له پێناو سه‌لامه‌تی و خزمه‌تى هاووڵاتیانی كوردستاندا.
سوپاسی هه‌موو ئه‌و لیژنانه ده‌كه‌م كه ماوه‌یه‌كه له هه‌موو شاره‌كان هه‌ڵمه‌ته‌كانی پشكنینی چێشتخانه و دوكان و مۆڵ و سوپه‌رماركێته‌كانیان ده‌ست پێ كردووه بۆ نه‌هێشتنی خۆراكی خراپ و ماوه به‌سه‌رچوو و پاكڕاگرتنی ئه‌و شوێنانه، ئه‌و هه‌نگاوه‌یان زۆر گرنگه و پێویسته به‌رده‌وام بێت، چونكه ئه‌ركی حكوومه‌ته نه‌ك هه‌ر نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو كاری له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه ڕێگه له نه‌خۆشكه‌وتنى خه‌ڵك بگرێت به هۆی خۆراكی خراپه‌وه. لێره‌وه دیسان ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌م و وسوپاسی ماندووبونیان ده‌كه‌م.
سوپاسی هه‌موو بنكه سنوورییه‌كانی كۆنتڕۆڵكردنی خۆراك و ده‌رمان ده‌كه‌م، كه ڕێگه له هاتنی ده‌رمان و خۆراكی خراپ ده‌گرن، داوایان لێ ده‌كه‌م به‌رده‌وام بن بۆ چاودێریكرنێكى وردی هاتنی ده‌رمان و خۆراك و هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی دیكه له ده‌روازه‌كانى سنوورى هه‌رێمی كوردستان.
خۆشه‌ویستان زۆرم پێخۆشه سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرم، بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك له سه‌ر پاراستنی ژینگه‌ش بكه‌ین. چونكه به ڕاستی زۆرمان پێناخۆشه كه ده‌بینین له په‌نجه‌ره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌وه نایلۆن فڕێ درێته ده‌ره‌وه، جگه‌ره فڕێ درێته ده‌ره‌وه، قوتووى به‌تاڵ له سه‌ر جاده‌كان فڕێ ده‌درێت، ئه‌مه هه‌مووى پێویستی به‌وه هه‌یه كه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خه‌ڵك وشیار بكه‌نه‌وه له‌و مه‌ترسیه‌ی كه له سه‌ر ژینگه‌ی كوردستان هه‌یه، ئه‌مه كارێكه زۆر به‌داخه‌وه كه ده‌كرێت و هه‌ست به مه‌سئوولیه‌تكردن له‌مباره‌یه‌وه زۆر زۆر كه‌مه. ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ من ده‌مه‌وێت له به‌رچاوی ئێوه‌ی بیڵێم؛ داوا له خه‌ڵك ده‌كه‌م یارمه‌تیی حكوومه‌ت بده‌ن، داوا له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌م زیاتر هۆشیاری بڵاو بكه‌نه‌وه له‌وباره‌یه‌وه و پێویسته خه‌ڵك ئاگادار بكرێت له مه‌ترسیی ئه‌م كاره‌یان بۆ سه‌ر ژینگه‌ی كوردستان و ته‌ندروستیی خه‌ڵكی كوردستان.
ئه‌مانه هه‌موویان سیفه‌تى خراپن و ده‌بێ هه‌موو كه‌سێك له هه‌رێمی كوردستاندا خۆی لێ بپارێزێت، ده‌بێ هه‌موومان ژینگه‌ی كوردستان بپارێزین، ده‌بێ هه‌موومان سه‌یری ئه‌م ژینگه‌یه بكه‌ین وه‌ك ناوماڵی خۆمان، وڵاتێكی پاكمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستیه‌كی باشمان هه‌بێت.
هه‌روه‌ها به پێی به‌دواداچوونێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌ركه‌وتووه كه 70%ی پاشماوه‌ى زبڵ له هه‌رێمی كوردستان بریتییه له پاشماوه‌ی خۆراك، ئه‌وه به پێی هه‌موو بنه‌مایه‌كى ئایینی و ئابووری و مرۆیی كارێكی خراپه و خه‌ساره‌تێكه بۆ هه‌رێم. خه‌سارنه‌كردنی خۆراك سیفه‌تێكی جوانی كورده‌واری بووه، پێویسته له‌و ڕووه‌شه‌وه وڵاتی ئێمه پێشه‌نگ بێت، خه‌ڵكی ئێمه وشیار بكرێته‌وه كه نابێت ئیسراف له مه‌سه‌له‌ى خواردن و فرێدانی خواردن بكرێت.
حكوومه‌ت ده‌ستی داوه‌ته‌وه كارێكی گه‌وره له‌بواری نه‌هیشتن و رێگه‌گرتن له هاتنی خۆراكی خراپ و ماوه به‌سه‌رچوو، دڵنیاین به هاوكاریی هاووڵاتیان ئیتر هه‌موو كۆمپانیا و فرۆشیارێك فێری ئه‌وه ده‌بێت كه پێویسته ده‌رمان و شتومه‌كی باش بداته خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وه‌ش كارێكی زۆر گرنگی پاراستنی ته‌ندروستی و تواناى مرۆیی و ئابووریی خه‌ڵكی كوردستانه، بۆیه داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین هاوكاریمان بكه‌ن، به بێ هاوكاریكردنی هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست له هه‌رێمی كوردستان، به بێ هاوكاریكردنی ده‌زگاكانی میدیا، به بێ هاوكاریكردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، به بێ هاوكاریكردنی پۆلیس و ئه‌فسه‌ر و ئاسایش له هه‌رێمى كوردستان؛ زه‌حمه‌ته ئێمه بتوانین یا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بتوانێت به ته‌نیا ئه‌و كاره بكات.
له كۆتایی قسه‌كانمدا جارێكی تر هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه وه‌زارتی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یدات و به تایبه‌تى جه‌نابی وه‌زیر له ده‌سپێكردنی كاره‌كانی خۆی له كابینه‌ی حه‌وته‌م كه كردویه‌تی زۆر به‌رز ده‌نرخێنم و ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌م.
ئیتر ته‌ندروستییه‌كی زۆر باش بۆ هه‌مووتان به ئاوات ده‌خوازم و زۆر به خێر بێن، به سه‌ر چاو.
زۆر سوپاس.




